نرخی ئەمپێری موەلیدە بۆ هەولێر و سلێمانی رادەگەیەنرێ‌

:: AM:11:02:01/08/2022 ‌
نرخی ئەمپێری موەلیدە بۆ سلێمانی دیاری كرا، بەرپرسی موەلیدە ئەهلییەكانی هەولێریش دەڵێت، هێشتا نرخەكەمان دیاری نەكردووە و دواتر بەفەرمی رای دەگەیەنین.

بۆ مانگی تەمووز لە هەرێمی كوردستاندا، نزیكەی 250 بۆ 300 سەعات كارەبای موەلیدە بە هاووڵاتییان دراوە، لە شارێك بۆ شارێكی تریش جیاوازە، ئەمڕۆ نرخی موەلیدەی سلێمانی بۆ هەر ئەمپێرێك راگەیەنرا.

بە تێكڕایی موەلیدە ئەهلییەكان لە نێوان 240 بۆ 265 سەعات كاریان كردووە.
ئەمڕۆ دووشەم یەكی ئاب، لیژنەی دیاریكردنی نرخی موەلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی بڵاوی كردووەتەوە، بەگوێرەی نرخی گازوایل نرخی سەعاتی ئەمپێری موەلیدە بە 66 دینار بۆ مانگی تەمووز دیاری كرا، كە بە تێكڕایی موەلیدە ئەهلییەكان لە نێوان 240 بۆ 265 سەعات كاریان كردووە.

باسی لەوەش كراوە، بەمەش نرخی ئەمپێرێك كارەبا لە نێوان 16 هەزار بۆ 17هەزار و 500 دینار دەبێت، نرخی ئەمپێڕێكیش لە گەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی تر جیاوازە، بەو پێیەی ئەو پێوەرە هەژمار دەكرێت بۆ موەلیدەكان دانراوە و سەعاتی كاركردنیان تۆمار دەكات.

قارەمان مەولوود سەرۆكی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەكان، بە "وشە"ـی راگەیاند، هێشتا لە هەولێر نرخەكانمان دیاری نەكردووە، دوای كۆبوونەوە و زانینی سەعاتی پێدانی كارەبا، ئەوجا نرخەكان رادەگەیەنین.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لە سنووری هەولێر نرخی ئەمپێرێك موەلیدە لە نێوان 16 بۆ 20 هەزار دینار دەبێت، چونكە لە هەندێك شوێن نزیكەی 300 سەعات كارەبا دراوە.




وشە - رامیار جەواد