فێڵێكی شاسوار لەبارەی كارمەندانی چاودێریی هەڵبژاردن ئاشكرا دەبێت

:: PM:09:15:22/04/2024 ‌

دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا چەندینجار لە پەیجی شاسوار عەبدولواحید و میدیا فەرمی و نافەرمییەكانی تری نەوەی نوێ داوای كارمەندی چاودێرییان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كرد، ئێستە شاسوار پەشیمان بووەتەوە، گەنجێكی سلێمانی كە داوای لێ كراوە ببێتە چاودێری هەڵبژاردن، ئاشكرای دەكات كە پێشتریش شاسوار دەیانجار بۆ پڕكردنی هۆڵی كۆبوونەوەكانی بانگی كردوون، تا وەك ئەندام و لایەنگری نەوەی نوێ دەربكەون، راستییەكەی ئەوە وانەبوو و ئەو فێڵی لێی كردوون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی تایبەت دراونەتە "وشە"، ئێستە رۆژانە لە ئۆفیسی هەڵبژاردنی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە سلێمانی، پێوەندیی تەلەفۆنی بە هەموو ئەو كەسانە كراوە و دەكرێت، كە پێشتر فۆرمی چاودێریی سندووقەكانی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان پڕ كردبووەوە.

لە پێوەندییەكەدا بەو كەسان گوتراوە كە راستە ژمارەیەكی زۆر كەس فۆرمیان پڕ كردووەتەوە و تەواوی پێداویستییەكانی وەك كارتەكانی دەنگدان و نیشتمانی و زانیارییان لێ وەرگیراوە و رەوانەی ئۆفیسی هەڵبژاردنی شارەكان دەكرێن، بەڵام دواتر هەندێك لە ناوەكان رەنگە نەگەڕێنەوە، بۆ نموونە لە پارێزگای سلێمانی هەزارەها كەس خواستی بوون بە چاودێریان هەیە، بەڵام تەنیا دوو هەزار ناو دەگەڕێتەوە.

هاوكار عەلی، یەكێك لەو گەنجانەیە لە سلێمانی وەك چاودێری نەوەی نوێ فۆرمەكەی پڕ كردووەتەوە، وێڕای پشتڕاستكردنەوەی زانیارییەكان باسی ئەوەی بۆ "وشە" كرد، زیاتر لە ساڵێكە لەگەڵ نەوەی نوێم تا ببمە چاودێری رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

زیاتر گوتی، شاسوار دەیانجار بۆ پڕكردنی هۆڵی كۆبوونەوەكانی چاڤی مۆڵ و هۆڵی سپی بانگی كردووین، تا وەك ئەندام و لایەنگری نەوەی نوێ دەربكەوین، راستییەكەی ئەوە وانەبوو، ئەوە فێڵە و شاسوار لێی كردین، ئەو كەسەی لە ئۆفیسی هەڵبژاردنەكانی نەوەی نوێ پێوەندی پێوە كردین، پێی گوتین كە دەتوانن بچن فۆرمی چاودێریی كارمەندانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق پڕ بكەنەوە، لەكاتێكدا ئەوە ئێستە نەماوە و لینكەكە داخراوە.

عەلی دووپاتی كردەوە، لە ماوەی یەك ساڵدا تەنیا بڕی 15 هەزار دینار و كارتێكی 10 هەزاری ئاسیا یان كۆڕەكمان بۆ كڕاوە، بۆ رۆژی هەڵبژاردنیش بڕیار بوو یەكی 50 هەزار دینار وەربگرین، جگە لەوەش شاسوار پێشتر بە كامێرا سوێندی پێ خواردین و ریكۆردی كردووە.

شایەنی باسە نەوەی نوێ بەهۆی سیاسەتە دووفاقییەكانی سەرۆك و پەرلەمانتارەكانی لە عێراق و كوردستان، تا دێت ئاستی جەماوەری روو لە دابەزین دەكات، ئەوەش ترسێكی گەورەی لای شاسوار و چواردەورەكەی دروست كردووە.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت