به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان رای ده‌گه‌یه‌نێت، به‌هۆی دروستبوونی كێبڕكێ له نێوان كۆمپانیاكانی عومره نرخی عومره دابه‌زیووه. ئاماژه بۆ ئه‌وه‌یش ده‌كات، له هه‌رێمی كوردستان سه‌روو 150 كۆمپانیای عومره خۆیان تۆماركردووه.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م هه‌شتی ئاب، نیاز راغب به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان، به "وشه"ی راگه‌یاند، له ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا نرخی عومره به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبووه‌وه، به‌ڵام ئه‌مساڵ دوای ئه‌وه‌ی گرێبه‌ستی كۆمپانیاكانمان نوێ كرده‌وه، كێبڕكێیه‌كی زۆر له ناو كۆمپانیاكان دروستبووه له‌سه‌ر نرخی عومره.
ئێسته كه‌مترین نرخی عومره 720 دۆلاره
روونیشی كرده‌وه كه به‌گوێره‌ی ئه‌و نرخه‌ی كۆمپانیاكانی عومره پێشكه‌شیان كردووه له نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌یان، ئێسته كه‌مترین نرخی عومره 720 دۆلاره له كاتێكدا له دوو ساڵی رابردوو 900 بۆ هه‌زار و 50 دۆلار بووه.
باسی له‌وه‌یش كردووه كه ئه‌و كێبڕكێیه زۆر باشبوو، چونكه له هه‌رێمی كوردستان خواستی به‌رده‌وام له‌سه‌ر عومره هه‌یه.
به‌گوێره‌ی قسه‌ی راغب، له هه‌رێمی كوردستان زیاتر له 150 كۆمپانیای تایبه‌ت به عومره بوونیان هه‌یه، هه‌ر كۆمپانیایه‌ك نرخه‌كه‌ی كه‌متر بێ زیاتر خه‌ڵك له‌گه‌ڵی گه‌شتی عومره ده‌كه‌ن.
له هه‌رێمی كوردستان ساڵانه له كاتی ده‌ستپێكردنی وه‌رزی عومره به سه‌تان هه‌زار كه‌س له كوردستانه‌وه ئه‌و پرۆسه‌یه ئه‌نجام ده‌ده‌ن و روودهكه ماڵی خودا.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی