بافڵ تاڵەبانی وەفای بۆ مەلا بەختیار نەبوو بۆ شێخ جەعفەری دەبێت؟

:: AM:09:58:04/11/2022 ‌
خۆ نزیك كردنەوەی شێخ جەعفەر لە بافڵ تاڵەبانی، هیچ لەو راستییە كەم ناكاتەوە كە تەنیا بۆ كاری بازرگانی و كات كوشتنە، لە كاتێكدا سەرۆكی یەكێتی وەفای بۆ مەلا بەختیاری خەزووری نەبووە و ماوەی نزیكەی چوار مانگە، بودجەی تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری بڕیوە، ئیتر چۆن وەفای بۆ جێگری سەرۆكی هەرێم دەبێت؟.

نەوزاد عەزیز چاودێری سیاسی و شارەزا لە كاروباری سیاسی هەرێمی كوردستان، بە"وشە"ی راگەیاند، بەهۆی چاوكراوەیی و هۆشیاری هاووڵاتییان و بەتایبەتیش بنكە جەماوەری و رێكخستنەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، هەر زوو مەرامە نەزۆكەكانی شێخ جەعفەر شێخ مستەفای جێگری سەرۆكی هەرێم و ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندی و سیاسی یەكێتی ئاشكرا بوو، كاتێك لەدیدارێكی تەلەفزیۆنیدا كەوتە ماستاو كردن بۆ بافڵ و رەخنەگرتنی توند لەپارتی دیموكراتی كوردستان و حكوومەتی هەرێم.

زیاتر گوتی، تەنیا بەرژەوەندی ئابووری و بازرگانی و شاردنەوەی دانپێدانانی ئەو كەسانەی لەپشت بوو كە بەپشتیوانی شێخ جەعفەر كەوتوونەتە تاڵانی و فرۆشتنی زەوییەكانی سنووری شاری سلێمانی، لەكاتێكدا هێشتا رێژەیەكی بەرچاو كرێ نشین لەو شارەدا هەیە و شێخیش پێچەوانەی كاری پیرۆزی پێشمەرگایەتی بەو شێوەیە خەریكی خۆ دەوڵەمەند كردنی زیاترە.

روونی كردەوە، ئەو قسانەی كە بۆ نزیك بوونەوەیە لە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی تا پۆستی فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆی پێبدات كە تا ئێستە ئاكام عومەری فەرماندەی ئەو هێزانە كەس نازانێت لەكوێیە و دۆخی تەندروستی چۆنە؟ ئایا لەژیان ماوە یان نا؟ بەڵام شێخ دەیەوێت كە ئەو پۆستەی وەرگرتەوە وەك جاران كەس دەستنەخاتە كارە بازرگانییەكانیەوە و چۆنی بوێت ئاوا بكات.

ئاماژەی بەوەش دا، دیارە شێخ بیری چۆتەوە بافڵ لەماوەی رابردوودا وەفای بۆ نزیكترین و كۆنترین سەركردەی حزبەكەی نەبووە كە ئەویش مەلابەختیاری خەزووری باوكی خێزانی و باپیری دوو منداڵەكەی و ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای بەرژوەندی و سیاسی یەكێتیە و لە مانگی هەشتی رابردوەوە، بوودجە و مووچەی تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر بڕیوە و نانی زیاتر لە 100 كارمەند و میدیاكار بڕی و لە ئێستە دا تۆڕەكەی مەلابەختیار لەوپەڕی خراپی و هەڵوەریندایە، ئیتر چۆن وەفای بۆ شێخ دەبێت؟.

لەماوەی رابردوودا، كاتێك رووداوەكانی 8ی تەمووزی ساڵی رابردوو ئەنجامدرا هێزی ئاڵتونی و كۆماندۆی یەكێتی كە شێخ جەعفەر فەرماندەی بوو، رۆڵێكی زۆریان لە دوورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی ئەوكاتەی پێشووی یەكێتی هەبوو، دواتر شێخ جەعفەر بەبڕیاری بافڵ لەپۆستەكەی دوورخرایەوە، دوای برینداركردن و نادیاری چارەنووسی ئاكام عومەری فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆ، شێخ جەعفەر كە پۆستێكی سیادی لە سەرۆكایەتی هەرێم هەیە، بێ گەڕانەوە بۆ سەرۆكی هەرێم كەوتۆتە رەخنە گرتن لە حكوومەتی هەرێم و پارتی و هێشتا مووچە و نەسریەی ئەوێش وەردەگرێت، نەوزاد عەزیز وای گوت.
لێدوانە توندەكانی ئەمدواییەی جێگری سەرۆكی هەرێم هەرزوو لەلایەن ئەندامان و كادرانی یەكێتی و هاووڵاتیانی هەرێم رەتكرایەوە و دەركەوت كە ناوبراو 25 هەزار پارچە زەوی بەئیفرازكراوی لەرێگەی كوڕ و زاوا و كەسە نزیكەكانیەوە فڕۆشتووە و ئەو كەسانەی لەشارەوانی سلێمانی گیراون لەلایەن بافڵەوە دانیان بەوەدا ناوە و بافڵیش فشاری لەسەر شێخ كردووە ئەو جۆرە قسە نابەپرسیارانە بكات تاوەكو ئەو دۆسیە دابخرێت و بازرگانەكانی ئازاد بكرێن.
وشە، تایبەت



وشە - تایبه‌ت