لە پەرلەمانی عێراقدا لەسەر ئێران و توركیا گرژی دروست بوو

:: AM:11:39:23/11/2022 ‌
لە كۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمانی عێراق لەبارەی دەستدرێژییەكانی ئێران و توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان گرژی دروست بوو. پەرلەمانتارێكیش رای دەگەیەنێت، گرژییەكە لەلایەن چەند پەرلەمانتارێكەوە بووە و ئەوانیش رووبەڕوویان بوونەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 23ی تشرینی دووەم، د. سەباح سوبحی ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بۆ "وشە" گوتی، لە كۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمان لەبارەی دەستدرێژییەكانی ئێران و توركیا، لەلایەن چەند پەرلەمانتارێكەوە بەرانبەر بەو هێرشانە گرژی دروست بوو، ئێمەش رووبەڕوویان بووینەوە، بەڵام بە گشتی كۆبوونەوەكە ئەرینێ بوو.

ئەوان بە چڕتر هێرش دەكەنەوە سەر هەرێمی كوردستان

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەی روون كردەوە كە هەندێ لایەنی شیعەی "نزیك لە ئێران" هەڵوێستیان دیار نەبوو چۆنە، لەبەرئەوەی بیانوویان دەهێنایەوە بۆ هێرشە مووشەكییەكان.

هەوڵی نوێی دیپلۆماسی هەیە بۆ چارەسەركردنی ئەو هێرشانە. سەباح سوبحی دەڵێت، دوو رێمان لە بەردەستە ئەوانیش سەركۆنەكردن و گرتنەبەری رێی دیپلۆماسی بەرانبەر بە توركیا و ئێران.

هاوكات دوێنی شەو فەرماندەی هێزی وشكانی سوپای ئێران، بە میدیاكانی راگەیاندبوو كە ئەوان بە چڕتر هێرش دەكەنەوە سەر هەرێمی كوردستان، داوای لە هاووڵاتییان كرد لە نزیك بارەگاكانی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان چۆڵ بكەن.

رۆژی 28ی ئەیلوول 2022، بە بەرنامەیەكی چڕ و داڕێژراو، كۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆنی بۆمبڕێژكراو و مووشەكی دوورهاوێژ، حزبی دیموكرات لە كۆیە، پارتی ئازادی كوردستان لە پردێ و كۆمەڵەكان لە زڕگوێزی كردە ئامانج. ئەوكات بۆردمانەكە چەند سەعاتێك بەردەوام بوو، دەیان شەهید و برینداری لێ كەوتەوە و سەتان خەڵكی سڤیل ژیانیان كەوتە مەترسییەوە و ماڵەكانیان چۆڵ كرد، دواتر ئێران بەفەرمی وەك چالاكی خۆی ڤیدیۆكەی بڵاو كردەوە. ئەوە سێیەم جارە ئێران بە قورسی و بە مووشەك بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان دەكاتە ئامانج.

رۆژی 14ی تشرینی دووەمی 2022، هێرشی تری كرد بە هەمانشێوە لە رێی درۆن و مووشەكەوە، بەهۆیەوە دوو كەس شەهید بوون و شەش كەسی تر بریندار بوون.

هەروەها رۆژی 21ی تشرینی دووەم 2022، هێرشی كردە سەر بارەگاكانی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە رێی دڕۆن و مووشەكەوە لە كۆیە و كەمپی جێژنیكان لە هەولێر و زرگوێز لە سلێمانی، تەنیا پێشمەرگەیەك شەهید بوو.

رۆژی 22ی تشرینی دووەمی 2022، ئێران هێرشی مووشەكی كردە سەر پارتی ئازادی كوردستان، بەڵام زیانی گیانی نەبوو.

وەزارەتی بەرگریی توركیا، ئۆپراسیۆنێكی نوێی لە هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان راگەیاندووە بەناوی "چنگی شمشێر"،  چەندان شوێن كە "پەكەكە"ی لێ بووە، بە فڕۆكە و درۆن بۆردمانی چڕ دەستی پێ كردووە.



وشە - زریان تەها