شەپۆلێكی تری بارانی بەخوڕ بەرێگەوەیە

:: PM:05:50:25/11/2022 ‌

وەك پێشبینییەكانی كەشوهەوا رایان گەیاند لە شەوی رابردووەوە شەپۆلێكی بارانبارین عێراقی گرتووەتەوە لەوانەش هەرێمی كوردستان، كەشناسی دەڵێت ئەو بارانە تا ئێوارەی سبەی شەموو بەردەوام دەبێت، پێشبینیكارێكی كەشوهەواش ئاماژە دەكات كە بۆ سێشەم و چوارشەمی ئەم هەفتەیە شەپۆلێكی تری هاوشێوە بەڕێگەوەیە. 

سادق عەتیە، شارەزا لە پێشبینییەكانی كەشوهەوا لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، شەپۆلێكی تری باران كاریگەری لەسەر عێراق دەبێت كە لەوەی ئێستە جیاواز نییە، لە بارانی بەخوڕ و كاتەكەشی سێشەم و چوارشەمی ئەم هەفتەیە دەبێت.

زیاتر گوتی، كاریگەری شەپۆلەكە زیاتر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و رۆژئاوا و ناوەڕاستی عێراق دەگرێتەوە، هاتنی شەپۆلی سەرماش بەم نزیكانە نییە.

ئەمڕۆ فەرمانگەی كەشناسی هەرێمی كوردستان رای گەیاند كە بارانبارین لە زۆرینەی ناوچەكانی هەرێم، بەتایبەتی لە سەنتەری شارەكان بەردەوام دەبێت، هەندێكجاریش برووسكی لەگەڵدا دەبێت، ئەوەش بەهۆی بەیەكگەیشتنی نزمە پاڵەپەستۆی هاتوو لە هەردوو دەریای سپی ناوەڕاست و سوور، كە بوونەتە هۆی دروستبوونی زریان و بارانی بەخوڕ لە ناوچە جیاجیاكاندا.

دووپاتی كردەوە، لەوكاتەی پێشبینی دەكرێت بەهۆی بارانی زۆرەوە لە هەندێك ناوچە ئاستی ئاو بەرز ببێتەوە، پێشبینیش هەیە بەفر لە لووتكەی چیا بەرزەكان بكەوێ و بەو هۆیەوەش پلەكانی گەرما لە هەرێمی كوردستان روو لە نزمبوونەوە بكات.  


 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل