فەرماندەیەكی پاسداران: فەلەستینییەكان رۆژانە تۆڵەمان دەكەنەوە

:: PM:06:51:25/11/2022 ‌

ئیسرائیل لە شەڕێكی گەرمە لەگەڵ ئێران، هەموو هەلێك دەقۆزتەوە بۆ ئەوەی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ گورز لە ئێران بوەشێنێت، لەو كاتەی تا ئێستە ئێران نەیتوانیوە راستەوخۆ ئیسرائیل بكاتە ئامانج، بەڵكو هەوڵ دەدات لە رێگەی میلیشیا و باڵ و بریكارەكانی لە ناوچەكە هەڕەشە لە ئیسرائیل بكا و هێرشی بكاتە سەر.

دوای ئەوەی بەر لە دوو رۆژی رابردوو راوێژكارێكی سەربازی ئێران لە سووریا كوژرا، لیوا حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران رای گەیاند كە بۆ هەر كوژراوێكیان بە جیا و لە كات و شوێنی گونجاو تۆڵە دەستێننەوە.

ئەو قسانەی سەلامی دوای ئەوە هات كە بەر لە دوو رۆژ و لە بەیاننامەیەكدا پێوەندییە گشتییەكانی سوپای پاسداران، كوژرانی عەقید داود جەعفەری، راوێژكاری سەربازی لە هێزی ئاسمانی سوپاكە، لە تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو بە دەستی نۆكەرەكانی ئیسرائیل لە نزیك دیمەشقی پایەتەختی سووریا راگەیاند. 

سەلامی لە وەڵامی پرسیارێك ئاخۆ چۆن و لە كوێ تۆڵە لەو كارانەی ئیسرائیل دەكەنەوە، ئەو گوتی، ئەگەر سەیری دۆخی فەلەستین بكەن، دەبینن كە لە رێگەی بەرەی بەرگریكاری، مەبەستی حەماس و جیهادی ئیسلامییە، رۆژانە تۆڵە لە ئیسرائیلییەكان دەكرێتەوە. 

دووپاتی كردەوە، بەڵام تۆڵەسەندنەوەی هەر كوژراوێك بە جیا دەبێت، لە كات و شوێنی گونجاو، ئەو كارەش لە كاتی خۆیدا ئەنجام دەدەین، پێویستە دوژمنان و گەلە خۆشەویستەكەمان ئەوە بزانن كە هیچ كوشتنێك بێ تۆڵەسەندنەوە نامێنێتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل