شەپۆلێكی سەرما بەرێگاوەیە

:: PM:06:20:26/11/2022 ‌

ئەگەرچی هەواڵ و زانیارییەكانی كەشوهەوا زیاتر پێشبینیكردنن، بەڵام بەهۆی پێشكەوتنی ئامرازەكانی كەشناسی و وێنەی مانگە دەستكردەكان، هەروەها بوونی سایتی تایبەت بە كەشناسی، كە نوێترین زانیاری بڵاو دەكەنەوە، بەتایبەتی لە وڵاتە پێشكەوتووەكان، پێشبینیكارە ناوخۆییەكانیش پشت بەوانە دەبەستن، جیا لە باران پێشبینی هاتنی شەپۆلێكی سەرماوسۆڵ دەكرێت.

عەلی جابر زیادی، پێشبینیكاری كەشوهەوا دەڵێت، پێشبینییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە عێراق جارێكی تر دەكەوێتە ژێر كاریگەری شەپۆلێكی باران، كە لە رووی توندییەوە مامناوەندە، زیاتر لە رۆژئاوا و باكوری عێراق و هەرێمی كوردستان دەبارێت، روونی كردەوە، هاوكات بۆ مانگی داهاتوو چەند شەپۆلێكی بارانبارین روو لە عێراق دەكەن.

لای خۆیەوە واسق سەلامی، كەشناس رای گەیاند كە ئاماژە بۆ بەردەوامبوونی بارانبارین لە چەند پارێزگایەكی عێراق هەیە، نەخشەكانی كەشناسیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە یەكەم 10 رۆژی مانگی كانوونی یەكەمی داهاتوو، پلەكانی گەرما زۆر دادەبەزن و لە هەندێك ناوچە دەگاتە تا ئاستی سفری سەتی.

روونی كردەوە، لەسەر ئاستی نزیك بارانبارین لە شارەكانی باكور و هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت، لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و باكوری مووسڵ و رۆژهەڵاتی كەركووك بەخوڕ دەبێت، لە ناوەڕاست كەمترە و لە باشووریش تەنیا هەور دەبێت.

سەلامی دووپاتی كردەوە كە ئاماژە هەیە بەوەی شەپۆلێكی سەرماوسۆڵ لە یەكەم سێیەكی مانگی كانوونی یەكەمی داهاتوو سەرانسەری عێراق دەگرێتەوە، كاتێك شەپۆلێكی جەمسەری دێت و پلەكانی گەرما زۆر دادەبەزن، لە هەندێك ناوچەدا دەگاتە (2 بۆ 8) پلەی سەتی و لە چیاكانیش دەگاتە ژێر سفر.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل