زانستە ژینگەییەكان كەوتە بەر دیدی خوێنەران ‎‎

:: PM:11:21:10/01/2023 ‌

كتێبی "زانستە ژینگەییەكان، لە تەمەنی گەردوونەوە تا كۆتایی توانای زەوی بۆ ژیان"، لە نووسینی د. سدیق بەرزنجی و لە دووتوێی 435 پەرەدا لە چاپخانەی شڤان لە سلێمانی، بە تیراژی 500 دانە چاپ و بڵاو كرایەوە.

لەبارە ناوەڕۆكی كتێبەكەوە، د. سدیق بەرزنجی نووسەر بە "وشە"ی گوت، ناوەڕۆكی ئەم كتێبە چەند بەشێكە، بەشی یەكەم باس لە تەمەنی گەردوون و سەرەتای دروستبوونی ژیان و زەوی و چۆنیەتی ژینگە و دۆخی زەوی پێش مرۆڤ دەكات، بەشی دووەم باسە لە دەركەوتن و بڵاوبوونەوەی مرۆڤ بە زەویدا، دواتر زیادبوون و گەشەكردنی مرۆڤ و دانیشتووانەكەی دەكات، بەشی سێیەمیش باس لە پێكهاتە و پێناسەی بنەما و سیستمی ژینگە، تا گەشەكردنی ژینگەزانی و زانستی ژینگە و پێوەندی نێوان مرۆڤ و ژینگە دەكات.

روونی كردەوە، بەشی چوارەم باس لە گەردوون و ئاو و هەوا و روەك و گیانلەبەران و با و باران و گەردەلوول و بیابان و خاك و جۆرەكانی خاك دەكات، بەشی پێنجەم روونكردنەوەی واتای پیسبوونی ژینگە و مێژووی سەرهەڵدانی پیسبوونی ژینگە و پلان بۆ بەرەنگاربوونەوەی و پیسبوونی هەوا و سەرچاوەكانی و بڵاوبوونەوەی دووكەڵ و گازەكان لە هەوادا و كاریگەرییان لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەكات.

لە بەشی شەشەمدا كتێبەكە تیشك دەخاتە سەر پاشەڕۆكان، وەك پاشەڕۆی دانیشتووان و پیشەسازی و كشتوكاڵی و كانەكان، هەروەها باسی كاریگەری نەوت و ترشەباران لەسەر ژینگە و داراستانەكان و ڤایرۆسی كۆرۆنا و هەوا و ژینگە و مەترسییەكانی پیسبوونی ئاو و خاك و ئاوی ژێر زەوی دەكات، بەشی حەوتەم و كۆتاییش پێشبینییەكان بۆ دواڕۆژی مرۆڤایەتی بەگوێرەی زانستی ژینگە و چەند پرسیارێكی بنەڕەتی لەبارەی دواڕۆژی مرۆڤایەتی و رامان لەو پرسیارەی ئایا زەوی تا چەند دەتوانێت ژمارەی مرۆڤ لەخۆ بگرێت باس دەكات.

كتێبی "زانستە ژینگەییەكان، لە تەمەنی گەردوونەوە تا كۆتایی توانای زەوی بۆ ژیان"، لە نوسینی د. سدیق بەرزنجی، لە دووتوێی 435 لاپەرەدا لە چاپخانەی شڤان لە سلێمانی بە تیراژی 500 دانە چاپ و بڵاو كراوەتەوە، ئیستە لەبەر دیدی خوێنەردایە، نووسەر مامۆستای زانكۆی سلێمانییە و 12 بەرهەمی تری چاپكراوی هەیە و لە سلێمانی دادەنیشێت.

سلێمانی/ ئاسان محەمەد





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل