كاریگەری بومەلەرزەكە لەسەر عێراق چۆن بووە؟

:: PM:06:12:06/02/2023 ‌

بەرەبەیانی ئەمڕۆ تا ئێستەیش چەند جارێك بوومەلەرزە توركیا و سووریا و هەندێك بەشی عێراقی هەژاندووە، بەدەر لەوەی لە توركیا و سووریا، كە مەڵبەندی بوومەلەرزەكە بوونە، زیانی گەورەی گیانی و مایەكی هەبووە، بەرپرسێكی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراقی ئاماژە دەكات كە سێ ناوچەی عێراق زیاتر لە بوومەلەرزەكە كاریگەر بوونە.

عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی كەشناسی و چاودێریكردنی بوومەلەرزە دەڵێت، ئەو بوومەلەرزە وێرانكەرەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەم بە گوڕی 7.8 توركیای هەژاند، لە هەرێمی كوردستان و مووسڵ و چەند ناوچەیەكی تر، تا دەگاتە بەغدای پایەتەخت هەستی پێ كراوە.

زیاتر گوتی، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەمیش بوومەلەرزەیەكی تر بە گوڕی حەوت پلە شاری غازی عەنتابی لە توركیا هەژاندووە، بەگشتی بومەلەرزەكە 460 كیلۆمەتر لە سنوورەكانی عێراق دوور بووە و لە زۆرێك لە شارەكانی عێراق هەستی پێ كراوە، بەشێوەیەك كاریگەریی هێزی بوومەلەزەكە گەیشتووەتە دوو هەزار كیلۆمەتر سێجا، ئەوەش لێكی دەداتەوە كە چۆن دانیشتووانی لیبیاش هەستیان پێی كردووە.   

جابری ئاماژەی كرد، لە چەند سەعاتی رابردوو لە دوای بوومەلەزەكەی توركیا، عێراق دووچاری زیاتر لە 20 لەرینەوەی بوومەلەزە بووە، بەڵام هەر هەموویان سێ پلە بەرەو خوار بوونە، بۆیە زۆر هەستیان پێ نەكراوە و زیانی گیانی و مایەكیان لێ نەكەوتووەتەوە، دووپاتی كردەوە كە پێچەوانەی كەشوهەوا، ناتوانرێت پێشبینی بۆ روودانی بوومەلەزە و لەرینەوەی زەوی بكرێت. 

ئەو بەرپرسەی فەرمانگەی كەشناسی عێراق هۆكاری بوومەلەرزەكە و مەترسیداریی شوێنی عێراقی ئاشكرا كرد، بەوەی عێراق دەكەوێتە سەر بلێتی عەرەبی و نزیك لە بلێتەكانی ئێران و توركیا، بۆیە بە لەرزینی ئەو بلێتانەی ئەو دوو وڵاتە كاریگەر دەبێت، بەتایبەتی ناوچەكانی سلێمانی و مەندەلی و خانەقین. 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل