كوردستان و مەكسیك لە ركابەریدان

:: AM:11:51:14/03/2023 ‌
هەرێمی كوردستان و هەرێمێكی مەكسیك، لە ركابەریدان بۆ میوانداری جامی كۆنیفای ساڵی 2024 و ئەمڕۆ چاودێران گەیشتنە هەولێر.

شاندێكی كۆنیفا بۆ پشكنینی دامەزراوە وەرزشییەكانی هەرێمی كوردستان گەیشتە هەولێر، هۆكاری هاتنەكەشیان بۆ هەرێمی كوردستان، كێبەركێ لەسەر بەدەستهێنانی مافی میوانداریكردنی جامی كۆنیفای 2024 دەكات كە هەرێمی كوردستان و هەرێمێكی نیوكلاس ستی مەكسیكی لە ركابەریدان.

كوردستان بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2008 بەشداریی لە مۆندیالی هەرێمەكان كرد
پێشتر تاریق عەبدولڕەحمان سەرۆكی یەكێـتیی تۆپی پێی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، پاڵپشتییەكانی سەرۆكی حكوومەت بۆ تۆپی پێی كوردستان بەردەوامە، سەرۆكی حكوومەت خوازیارە هەڵبژاردەی تۆپی پێی كوردستان بۆ هەمیشە دروست بێت و پاڵپشتی دەكات.

هەڵبژاردەی هەرێمی كوردستان بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2008 بەشداریی لە مۆندیالی هەرێمەكان كرد كە ئەوكات لە ژێر ناوی ڤیڤا بوو، دواتر لە ساڵی 2012 میوانداریی جامی ڤیڤای كرد و نازناوەكەشی بەدەست هێنا، پێشتریش دووجار پلەی دووەمی بردووەتەوە، دواتر رێكخراوی ڤیڤا بەرەو لاوازبوون چوو،  لە 2014 بە فەرمی رێكخراوێكی تر بە ناوی كۆنیفا دروست بوو.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان لەوەتەی ساڵی 2006ـەوە دروست بووە، ئێستەش هەوڵەكانی بۆ ئەندامبوون لە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی فیفا چڕ كردووەتەوە.



وشە - رامیار جەواد