سبەی دۆلار بە هەرزان دەفرۆشرێت

:: AM:09:52:18/03/2023 ‌
بڕیارە سبەی دەست بكرێتەوە بە فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران بە نرخی هەرزان، بەڵام پێدانی دۆلار كەمتر كراوەتەوە لە جاری پێشوو.

پێشتر بانكی ناوەندی بڕیاری دابوو هەر گەشتیارێك، بڕی حەوت هەزار دۆلاری بە نرخی 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار پێ بدرێ‌، ئێستە بڕی دوو هەزار دۆلار بە هەر گەشتیارێك دەدرێ‌ و سبەی دەست بە دابەشكردنی دەكرێ‌.

بەپێی نوێترین بڕیاری بانكی ناوەندی عێراق، بڕیارە سبەی كاركردن بە بڕیاری نوێی بانكی‌ ناوەندی‌ عێراق بۆ فرۆشتنی‌ دۆلار بە گەشتیاران دەخرێتە بواری‌ جێبەجێكردنەوە.

هەر گەشتیارێك دەتوانێ بڕی دوو هەزار دۆلار وەربگرێ‌.
پێدانی پارە بەشێوەی نەقدی بە گەشتیاران، لە حەوت هەزار بۆ دوو هەزار دۆلار كەم دەكرێتەوە، واتا هەر گەشتیارێك دەتوانێ بڕی دوو هەزار دۆلار وەربگرێ‌.

فرۆشتنی ئەو دۆلارە لەلایەن بانكەكانەوە دەبێت، گەشتیار 48 سەعات پێشتر دەتوانێ سەردانی بانك بكات بۆ وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە، ئەوەیش كۆمەڵێك مەرجی بۆ دانراوە.

بەپێی مەرجەكانی بانكی ناوەندی بۆ گەشتیار، دەبێت كەسەكە بلیتی فڕۆكەی بڕیبێت و ڤیزەی وڵاتێكی وەرگرتبێت، پارەكەش بە راستەوخۆ پێی دەدرێ‌.

دوای بڕیارەكەی حكوومەتی عێراق بۆ داشكانی بەهای دۆلار بەرانبەر دیناری عێراقی، تا ئێستە دۆلار بە بەرزی ماوەتەوە و نەگەیشتووە بەو نرخەی كە دیاری كراوە.




وشە - رامیار جەواد