تا ئێستە چەند سەربازی رووسیا كوژراون؟

:: PM:08:48:19/03/2023 ‌

هێرشی سەربازی رووسیا بۆ سەر ئۆكراینا چووە ناو دووەم ساڵییەوە، ئێستە شەڕەكە لە بەرەكانی رۆژهەڵاتی ئۆكراینا چڕ بووەتەوە، هێزەكانی ئۆكراینا لە شاری باخمۆت خەریكی بەرپەرچدانەوەی هێزەكانی رووسیا و میلیشیاكانی واگنەرن، لەوكاتەی ئۆكراینا زیانی گیانی سوپای رووسیا ئاشكرا دەكات.

وەك ئۆكراینا دەڵێت، هێرشەكانی رووسیا لە چەند بەرەیەك لە رۆژهەڵاتی وڵات بەردەوامە، تا ئێستە شاری باخمۆت گۆڕەپانی سەرەكیی شەڕەكەیە، دەستەی ئەركانی سوپای ئۆكراینا دەڵێت، هێزەكانی رووسیا هەوڵی بڕینی هیڵەكانی بەرگری ئۆكراینا لە شارەكانی ئەڤدیڤكا و مارینكا و شاختار لە هەرێمی دۆنیتسك و شاری كوبیانسك لە هەرێمی خاركییڤ دەدەن، لە 24 سەعاتی رابردووش هێزەكانی رووسیا زیاتر لە 50 شارەدێیان لە رۆژهەڵات و باشووری ئۆكراینا بۆردمان كردووە.

بەپێی زانیارییەكان سوپای رووسیا كۆنترۆڵی 40%ی شاری باخمۆت دەكات، ئێستە ئەو شارە گرنگییەكی ستراتیجی بۆ لاوازكردنی سوپای رووسیا وەرگرتووە، لەوكاتەی شەڕی ئەو شارە بووەتە درێژترین شەڕ لە ئۆكراینا و تەحەدایەك بۆ هەردوولا و دەیانەوێ كۆنترۆڵی بكەن. 

لەلایەكی تر ئەمڕۆ دەستەی ئەركانی سەپای ئۆكراینا رای گەیاند كە ژمارەی سەربازە كوژراوەكانی رووسیا تا ئێستە گەیشتووەتە 164 هەزار و 910 سەرباز، لەوانە تەنیا دوێنێ 710 سەرباز كوژراون، جیا لە تێكشكاندنی 5335 تانك و 6853 زریپۆش و 2568 سیستمی تۆپهاوێژ و 507 مووشەكهاوێژ و 268 سیستمی بەرگری ئاسمانی و 305 فڕۆكەی سەربازی و 290 هەلیكۆپتەر و 2159 درۆن و 907 مووشەكی كرووز و 18 كەشتی سەربازی. 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل