كەشوهەوا گۆڕا

:: AM:09:37:02/04/2023 ‌
كەشوهەوای هەرێمی كوردستان، گۆڕانكاری بەسەردا دێت و شارەزایەكی كەشناسی دەڵێ‌، لەمڕۆوە پلەكانی گەرما بەرز دەبنەوە، بەڵام ئەگەری شەپۆلێكی بارانبارینیش هەیە.

ماوەی چەند ڕۆژێكە شەپۆلێكی سەرما و باران هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە، بەڵام بە گوێرەی پێشبینی كەشناسی ئەو شەپۆلە لەمڕۆوە بە كۆتادێت.

ئەمڕۆ یەكشەم دووی نیسان، شاڵاو هیدایەت شارەزای‌ كەشناسی‌، بڵاوی كردووەتەوە كە لەمڕۆ و ڕۆژانی داهاتوودا هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ژێر كاریگەری هەریەك لەناوچەی پەستان بەرزی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و باكوری خۆرهەڵاتی توركیا، ئەوەیش دەبێتە هۆی ڕەخساندنی كەشێكی وشك و سەقامگیر.

ئەو شارەزایەی كەشناسی دەڵێ‌، لە نیوەی یەكەمی مانگی نیسان دابارین لەسەرانسەری ناوچەكان و كەشی وشك باڵادەستە، بەڵام ئەگەر شەپۆل هەشبێ لەم مەودایەدا لاوازن.

بەڵام لەگەڵ پێشبینییەكانی ئەوەیشی گوتووە كە لە كۆتایی مانگی نیسان ئەگەری هاتنەوەی شەپۆلێكی تری باران لەسەرانسەری هەرێمی كوردستان هەیە، بەڵام لەمڕۆوە پلەی گەرما لە دوو بۆ سێ‌ پلە بەرز دەبنەوە.



وشە - وشه‌