ئێران.. ساڵانە نیو ملیۆن حاڵەتی لەباربردن و لەبارچوون هەیە

:: PM:11:08:21/05/2023 ‌
 
ئێران سەرەڕای ئەوەی رژێمێكی توندڕۆی ئاینی فەرمانڕەوایەتی دەكات، بەڵام بەدەست دەیان كێشە و تەنگژەی جیاجیاوە دەناڵێنێت، یەكێك لەو كێشانە كە راپۆرتێك ئاشكرای دەكات بوونی  350 هەزار بۆ 530 هەزار حاڵەتی لەبارچوون و لەباربردنی كۆرپەلەیە لەو وڵاتە، كە بەشێكی كەمی یاسایی و ئاساییە و بەشی زۆری نایاسایی و تاوانكارییە.

وەك لە راپۆرتێكی ماڵپەڕی "هەمشەهری ئۆنلاین"ی ئێرانیدا هاتووە، ئامارەكانی لەباربردن لە ئێران گەیشتووەتە ئاستێكی نیگەرانكار، هاوكات رێژەی ساڵانەی لەدایكبوون رووی لە كەمی كردووە، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆكی ئێران لە كۆتایی مانگی نیسانی رابردوو لەبارەی ئامارەكانی لەبارچوون گوتی، ژمارەكان نیگەرانكارن و پێویستە سزای كەمتەرخەمان بدرێت.

  وەزارەتی تەندروستی ئێران لای خۆی رای گەیاند كە زیاتر لە 80%ی حاڵەتەكانی لەبارچوون نایاسایین و لە دەرەوەی سەنتەرە پزیشكییەكان ئەنجام دەدرێن، واتە لە ماڵ و لە رێگەی حەبی خوێنبەربوونەوە.

لای خۆیەوە ساڵح قاسمی، ئەمینداری ناوەندی توێژینەوە ستراتیجییەكانی دانیشتووان دەڵێت، لەبارچوون چەند رەهەندێكی جیاوازی هەیە، وەك ناوەند ساڵانە لە نێوان 350 هەزار بۆ 530 هەزار حاڵەتی لەبارچوون لە ئێران هەیە، لەوانە 10 هەزار بۆ 12 هەزاری بە مۆڵەت و لەلایەن تیمی پزیشكییەوە ئەنجام دەدرێت، 10 بۆ 12 هەزاریشی بەناچارییە، ئەوەیتری نایاسایی و تاوانكارییە.

روونی كردەوە، 94 بۆ 95%ی حاڵەتەكانی لەبارچوون نایاسایین، 3 بۆ 4%ی لە ئەنجامی پێوەندی ناشەرعی و دوور لە نەریتەكانەوەیە، بەڵام 91 بۆ 92%ی حاڵەتەكان لە چوارچێوەی خێزانە، ئەوەش مایەی نیگەرانییەكی زۆرە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل