بەرهەمی مریشك زیادی كردووە و دەتوانرێت هەناردەی دەرەوەی هەرێم بكرێت

:: PM:07:45:23/05/2023 ‌

سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان لە هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، بڕیاری حكوومەتی هەرێم بۆ دانانی باج لەسەر بەرهەمی هاوردەكراو جێگەی دڵخۆشییە، دووپاتی كردەوە، ئەگەر تێچووی بەخێوكردنی مریشك كەم بكرێتەوە، بەرهەمەكەی بەشی ناوخۆ دەكات و دەتوانرێت رەوانەی عێراق و دەرەوەش بكرێت.

نازم جاف، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان لە هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، بڕیاری حكوومەتی هەرێم لەبارەی دانانی باج لەسەر بەرهەمی هاوردەكراو، كارێكی باشە بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆی ساخ بێتەوە، چونكە گرنگە ئەو كەرتە رێك بخرێتەوە.

روونی كردەوە، من بانگ كرام بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ قسەكردن لەبارەی مریشكی بەستوو و كاریگەریی بەبازاڕكردن و هاندانی بازرگانان و دروستكردنی سەربرخانە و پشتگیریی حكوومەت لەسەر ئەو بابەتە، ئێستە تێچووی كیلۆی مریشك دوو هەزار و 700 دینارە، بەهۆی ئەوەی گاز و غاز نرخی زۆرە، بۆیە ئەگەر حكوومەت هاوكار بێت، ساڵانە 500 تا 600 ملیۆن دینار قازانج دەكات.

سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان زیاتر گوتی، باسی رێگریكردن و چوونی شاندێك بۆ لای حكوومەتی عێراق و كەمكردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنانی مریشك كرا، باسی ئەوەش كرا كە 42 كارگەی ئالیك هەیە كە هەر یەكێكیان بە نرخێك و بە كوالیتییەك دەیفرۆشن، كە 70%ی تێچووی مریشك ئالیك دەیبات.

ئەو بەرپرسە دەڵێت، لە حاڵەتی دابەزاندنی كێشی مریشك كە لە دوو كیلۆ و 700 گرام زیاتر نەبێ و قەدەغەكردنی هاوردەی مریشكی بەستوو، كە لە ساڵانە لە هەرێمی كوردستان پێویستمان بە 145 هەزار تۆنن گۆشتی مریشك هەیە و بەرهەمیش 400 هەزار تۆنە، بۆیەدەكرێ جگە لە پڕكردنەوەی پێویستی ناوخۆ، هەناردەی عێراق و دەرەوەش بكرێت.

"ئەگەر بێت و تێچووی بەرهەمهێنانی مریشك كەم بكەینەوە، دەتوانین مریشك هەناردەی دەرەوە وەك ئیمارات بكەین، چونكە ئێستە لە عێراق كۆمپانیای ئیتحادی هەیە كە قۆناغی یەكی دروست كردووە، ئەگەر بگاتە قۆناغەكانی دوو و سێ و چوار، ئەو كات زیان بە ئێمە دەكەوێت و پێویستە دایانخەین، كە 400 تا 500 هەزار هەلیكار لەو كەرتە بۆ خەڵكی رەخساوە، بۆیە ئەو كەرتە ئاسایشی خۆراكی هەرێمە و ناكرێت بكەوێتە مەترسییەوە، چونكە نزیكەی هەزار و 900 پڕۆژەی پەلەوەرمان لە هەرێمی كوردستان هەیە و نزیكەی سێ هەزار هۆڵ لەخۆ دەگرێت و نزیكەی 600 بۆ 700 پڕۆژەی نایاساییشمان هەیە، ئەمە تەنیا پڕۆژەی مریشكە"، نازم جاف، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان وای گوت.

ئاماژەی كرد، هەرچی پڕۆژەی هێلكەیە، لە سلێمانی 11 پڕۆژە و لە هەولێریش نزیكەی 12 پڕۆژەمان هەیە، بۆیە ئەگەر بەرهەمی هاوردەكراو قەدەغە بكرێت، دەتوانرێت پێویستیی ناوخۆ دابین بكرێت و هەناردەی عێراق و دەرەوەشی بكەین، بە مەرجێك چاودێری هەبێت و تێچووەكەی كەم بكرێتەوە، چونكە لەچاو وڵاتان تێچوو زۆر جیاوازە و بەردەوام مریشك لای ئێمە هەرزانترە، بۆیە ئەو بڕیارەی حكوومەت جێگەی خۆشحاڵییە و ئەگەر ئەو كەرتە رێك بخرێتەوە، قازانجێكی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت .

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل