وادەی وەرگرتنی بەرهەمی ئەمساڵی گەنمی جووتیاران هاتە راگەیاندن

:: PM:08:37:23/05/2023 ‌

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان وادەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی بۆ ئەمساڵ راگەیاند، كە بۆ هەر تۆنێك گەنم بڕی 850 هەزار دینار دیاری كراوە و بڕیارە بۆ ئەمساڵ لە سنووری 375 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەربگیرێت.

لە بەیاننامەیەكی وەزارەتەكەدا هاتووە، وەك وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم رای دەگەیەنین كەوا رۆژی پێنجشەم 25ی ئایاری 2023، سایلۆكان بە رووی جووتیاراندا دەكرێتەوە بۆ رادەستكردنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵیان.

نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەری گشتیی بازرگانی هەرێم لەوبارەوە زانیارییەكانی چۆنیەتی وەرگرتنی گەنمەكەی خستەڕوو، كە بەم شێوەیە دەبێت:

بۆ هەر تۆنێك گەنم بڕی 850 هەزار دینار بە جووتیار دەدرێت، ئەوەش دوای وەرگرتنی نموونە و دەرچوونی لە پشكنین وەردەگیرێت، ‏بۆ ئەمساڵ لە سنووری پارێزگاكانی هەرێم، بڕی تەنیا 375 هەزار تۆن گەنم وەردەگیرێت.

وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە، 40 ملیار دینار خراوەتە سەر حیسابی بانكی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم بۆ گەنمی ئەمساڵ، بۆیە راستەوخۆ چەند رۆژێك دوای وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران، چەكەكانیان پێ دەدرێت و لە ماوەیەكی كەمدا لە بانكەكان شایستە داراییەكانیان وەردەگرن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل