ئەگەری هەیە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بودجە بخرێتە دەنگدانەوە

:: PM:07:49:24/05/2023 ‌

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە ئەمشەو دوایین خاڵە ناكۆكەكان لەناو پڕۆژەیاسای بودجە لە لایەن لیژنەكەوە تاوتوێ و چارەسەر دەكرێت، بۆیە پێشبینی دەكرێت سبەی پێنجشەم پڕۆژەكە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان رەوانە بكرێت و ئەگەری هەیە سبەی یان شەموو بخرێتە دەنگدانەوە.

موزەر كەرەوی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجە گەیشتووەتە كۆتایی و لیژنەی دارایی تەواوی ئەركەكانی خۆی بەجێ گەیاندووە، لە لێوردبوونەوە و ئاڵوگۆڕكردنی دارایی لە نێوان بڕگەكان، ئەوەش وەك هەوڵێك بۆ چارەسەركردنی ئاڵۆزییەكانی هەبوون. 

زیاتر گوتی، لیژنەكە ئەم ئێوارەیە كۆ دەبێتەوە بۆ یەكلاكردنەوەی هەندێك لەو بڕگانەی ماون، بۆیە پێشبینی دەكرێت سبەی پێنجشەم پڕۆژەیاساكە رەوانەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكرێت، كە ئەگەری هەیە هەر سبەی دانیشتنی دەنگدان لە لایەن پەرلەمانەوە ساز بكرێت یان بۆ شەمووی داهاتوو دوا بخرێت.

 بەپێی بەیاننامەیەكی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراقیش، ئەم ئێوارەیە محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمان سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی لیژنەی دارایی كردووە، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی ئەو كێشانەی لە پڕۆژەكەدا ماون، وەك ئامادەسازییەك بۆ رەوانەكردنی بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان و دیاریكردنی دانیشتنی دەنگدان لەسەر پڕۆژەكە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل