له سلێمانی بۆ هه‌ر دۆنمێك گه‌نم بڕی 178 كلیۆ دیاریكراوه، واتا ئه‌گه‌ر جووتیارێك 10 دۆنم گه‌نم هه‌بێ ئه‌وا یه‌ك تۆن و 780 كیلۆی لێ وه‌رده‌گیرێ، به‌ڕێوه‌به‌ری سایلۆ رای ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌م بڕه كه‌مه، به‌ڵام ناتوان له‌وه زیاتر وه‌بگرن.
وه‌زاره‌تى بازرگانى عێراق بڕیاری داوه 500 هه‌زار تۆن گه‌نم وه‌ربگرێت، بڕى وه‌رگرتنى گه‌نمیش بۆ جووتیاران بۆ هه‌ر دۆنمێك بۆ 178 كیلۆ دیاركرا، سه‌رۆكی لیژنه‌ی كشتوكاڵ له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی ده‌ڵێت،"ئه‌م بڕه به‌راورد به به‌رهه‌می گه‌نم زۆر كه‌مه."
ساڵانه له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی گه‌نم له‌لایه‌ن سایلۆكان ئه‌و كێشه‌یه له نێوان ناوه‌ند و هه‌رێم دروست ده‌بێت
كاسترۆ مه‌عرووف سه‌رۆكى لیژنه‌ى كشتوكاڵ له ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى، به "وشه"ى راگه‌یاند، هه‌ر جوتیارێك به‌پێى دۆنم له سایلۆ گه‌نمى لێ وه‌رده‌گیرێت، كه بۆ یه‌ك دۆنم 178 كیلۆ دیاریكراوه، واته ئه‌گه‌ر جوتیارێك ده دۆنم گه‌نمى كرد بێت، یه‌ك ته‌ن و 780 كیلۆى لێ وه‌رده‌گیرێت".
له سنووری پارێزگای سلێمانی به ئیداره‌ی گه‌رمیان و راپه‌ڕین و هه‌ڵه‌بجه، بڕی 230 هه‌زار تۆن گه‌نم دیاری كراوه. كاسترۆ مه‌عرووف ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات جووتیار هه‌یه سه‌روو 10 تۆن گه‌نمی ده‌مێنته‌وه و ناچاره له بازاڕی ده‌ره‌وه بیفرۆشێت. روونی ده‌كاته‌وه ئه‌مه زیان له جووتیارانی كوردستان ده‌دات.
ساڵانه له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی گه‌نم له‌لایه‌ن سایلۆكان ئه‌و كێشه‌یه له نێوان ناوه‌ند و هه‌رێم دروست ده‌بێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و بڕه‌ی بۆ كوردستان دیاری ده‌كرێ كه‌متره له به‌رهه‌می گه‌نمی كوردستان، بۆیه سه‌رۆكی لیژنه داوا له نوێنه‌رانی كورد له به‌غدا ده‌كات سكاڵا له دادگای فیدڕاڵی تۆمار بكه‌ن، چونكه سكاڵاكه له به‌رژه‌وه‌ندی جووتیاران ده‌بێت.
كامه‌ران وریا به‌ڕێوه‌به‌رى سایلۆى سلێمانى بۆ "وشه" دووپاتی له قسه‌كانی سه‌رۆكی لیژنه له‌باره‌ی بڕی به‌رهه‌می وه‌رگیراو كرده‌وه و گوتی، "ئه‌م بڕه كه‌مه، به‌ڵام ئێمه به‌پێى ئه‌وه‌ى بۆمان دانراوه گه‌نم له‌جوتیاران وه‌رده‌گرین".
به‌پێی كۆتا راپۆرتی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی هه‌رێم پێشبینی ده‌كرێ، سه‌روو 800 تۆن به‌رهه‌می گه‌نم هه‌بێت، هاوكات وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراقیش رای گه‌یاندووه، ئه‌وان چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن چوار ملیۆن تۆن گه‌نم هه‌بێت، به‌ڵام بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستی ناوخۆ پێویستیان به چوار ملیۆن و 500 هه‌زار تۆن گه‌نم هه‌یه.
سلێمانى/ هۆشیار عه‌لى