دەنگدان لەسەر مادەكانی ناو بودجە بەردەوامە و رێككەوتن كراوە

:: AM:12:19:09/06/2023 ‌
كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر مادەكانی ناو بودجە بەردەوامە، ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش دەڵێ‌، تا مادەی 12 پەسەندكردنەكە بە ئاسانی دەڕوات و دواتر مادەی 13 و 14 رێككەوتنی لایەنەكانی لەسەر كراوە.

بە ئامادەبوونی 256 پەرلەمانتار كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق ئێستە بەرێوە دەچێت، لە كاتی ئامادەكردنی ئەو هەواڵەدا مادەی یەكەم و سێیەم و پێنجەم لە بودجەدا پەسەند كراوە و مادەی دوو جێهێڵدراوە.

چیای تەیموور ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای گەیاند، مادەكانی ناو بودجە یەك یەك دەنگی لەسەر دەدرێ‌، تا مادەی 12 پێشبینی دەكرێ‌ بە ئاسانی بڕوات، مادەی 13 و 14 كە ناكۆكی لەسەربووە، بە رێككەوتن یەكلا كراوەتەوە.

روونیشی كردەوە، هەموو كێشەكانی ناو بودجە پێوەندی بە مادەكانی 13 و 14 نییە و كێشەی تریش لەناو بودجەدا هەیە. 

هەروەها دووپاتی لەوە كردەوە كە ئەمشەو بە ئەگەرێكی زۆرەوە 12 مادەی ناو بودجە پەسەند دەكرێت و ئەو مادەیشی ناكۆكی لەسەر بێت دوادەخرێ‌.
 



وشە - وشه‌