پەرلەمانی عێراق مێوانداریی وەزیرانی نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەكانی هەرێم دەكات

:: PM:05:20:16/09/2023 ‌

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بڕیاری مێوانداریكردنی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق و كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دا، ئەوەش بۆ گفتوگۆكردن و روونكردنەوەی بابەتە نەوتییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بە پێی یاسای بودجە، جیا لە ئاشنابوون بە دوایین زانیاری لەبارەی دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی توركیاوە.

محەمەد نووری، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لیژنەكەیان بڕیاری داوە هەردوو وەزیر لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوو مێوانداری بكات بۆ ئاشنابوون بە چەند بابەتێكی گرنگ پێوەست بە نەوتی هەرێمی كوردستانەوە، هەروەها لێكتێگەیشتن لەبارەی هەناردەكردن و داهاتی نەوت و رادەستكردنی بۆ حكوومەتی فیدراڵی.

روونی كردەوە، لە میانەی مێواندارییەكە قەبارەی داهاتی نەوتی هەرێم و رادەستكردنەوەی بۆ بەغدا ئاشكرا دەكرێت، هەروەها ژمارەی وردی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم و داهاتە نەوتییەكان كە لە فرۆشتنی دەست كەوتوون، دێتە راگەیاند، هاوكات لیژنەكە لەو دانیشتنەدا تاوتوێی بابەتی دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە دەكات، باسی ئەوەش دەكرێت كە گفتوگۆكان لەوبارەوە لەگەڵ لایەنی توركیا بەكوێ گەیشتوون.

دوای ئەوەی توركیا لە 25ی ئاداری رابردوو لە دوای بڕیارێكی دادگەی ناوبژیوانیی پاریس بە پاساوی پشكنینی بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و كیڵگەكانی كەركووكی بەرەو بەندەری جەیهانی توركیا داخست، دوێنێ هەینی ئەلب ئەرسەلان بەیرەقدار، وەزیری وزەی توركیا تەواوبوونی پرۆسەی پشكنینی بۆرییەكەی راگەیاند و دووپاتی كردەوە كە بەم نزیكانە هیڵەكە لە رووی تەكنیكییەوە بۆ بەگەڕخستن ئامادە دەبێت. 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل