سەرەڕای تەنگژە و دۆخی سەخی دارایی بەهۆی وەستانی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە و گوشارە داراییەكانی بەغدا، كاروانی ئاوەدانكردنەوە و خزمەتگوزاری كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێم بەردەوامە، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی دروستكردنی كۆڵانەكانی پەككەوتووان لە بەردەڕەش ئاماژە دەكات كە بە گوژمەی زیاتر لە ملیارێك دینار 26 كۆڵان رێگەكەیان قیرتاو دەكرێت.
شیمال ئیسلام، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی دروستكردنی كۆڵانەكانی پەككەوتووان لە شارۆكەی بەردەڕەش بە "وشە"ی راگەیاند، دەستمان بە دروستكردن و قیرتاوكردنی 26 كۆڵان لە ناوچەی پەككەوتووانی بەردەڕەش كردووە، كە رێگە و ئاوەرۆیەكی 520 مەترییان بۆ دروست دەكرێت و دواتر كۆڵانەكان قیرتاو دەكرێن، پڕۆژەكە لەسەر بودجەی گەشەپێدانی پارێزگەكان دەست پێ كراوە.
زیاتر گوتی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ملیارێك و 71 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان كردووە و لە ماوەی ساڵێكدا تەواو دەكرێت، لە سەرەتای ئەم مانگەدا دەستی پێ كراوە و تا وادەی دیاریكراو پڕۆژەكە تەواو دەبێت، كە وەرزی زستان گرفتی زۆری هاتوچۆ بۆ ئەو كۆڵانانە دروست دەبوو.
ئەو سەرپەرشتیارەی پڕۆژەكە باسی لەوەش كرد، داواكارین هاووڵاتییان هاوكارمان بن، بۆ ئەوەی بتوانین بە زووترین كات پڕۆژەكە جێبەجێ بكەین و سەرجەم كۆڵانەكان دروست و قیرتاو بكەین.
دهۆك/ بڵند ئیبراهیم