لەبارەی دەنگۆی راگرتنی بەشەخۆراكی مانگانە دڵنیایی دەدرێ‌

:: AM:09:06:19/09/2023 ‌
وەزیری بازرگانیی عێراق سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەت دەكاتەوە كە باس لە راگرتنی بەشەخۆراكی مانگانە دەكەن و دەڵێت، دابەشكردنی بەشەخۆراك سەقامگیریی دروست كردووە و ئێستە كۆگەكان پڕن لە خۆراك.

ئەسیر داود وەزیری بازرگانیی عێراق، لە پارێزگای سەڵاحەدین لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رای گەیاند، هەموو پێویستییەكی خۆراك هەیە، ئێستە گەنمی پێویست بۆ ساڵێك هەیە و هیچ كێشەیەكمان نییە.

لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە راگرتنی بەشەخۆراكی مانگانە دەكەن، وەزیری بازرگانیی عێراق گوتی، دابەشكردنی سەبەتەی خۆراك بەردەوام دەبێت و هیچ كێشەیەك لە بەشەخۆراكدا نییە، ئەو دەنگۆیانەش رەت دەكەینەوە.

باسی لەوەش كرد، هاووڵاتییان دڵنیا دەكەنەوە هیچ كێشەیەك لەگەڵ پێداویستیی خۆراكدا نییە، بەو پێیە دڵنیایی تەواویان هەیە و رۆڵیان هەیە لە پاراستنی ئەم سامانە كە بەشەخۆراكە و ئاسایشی نیشتمانیی دروست كردووە.

دواین هەوڵی وەزارەتەكەشی لەبارەی گۆڕانكارییەكان و چاكسازی لە بەشەخۆراك روون كردەوە و گوتی،  لە هەوڵداین بۆ گۆڕینی كارتی بەشەخۆراك لە كاغەزەوە بۆ كارتی ئەلیكترۆنی، ئەمەش بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان و پێداچوونەوە و پێشكەوتنی وەزارەتی بازرگانی هاوشێوەی وڵاتانی دنیا، تا هاووڵاتییان بتوانن لە ماڵەوە لە رێی ئەپڵیكەیشنێكەوە هەموو كارەكانیان لەبارەی بەشەخۆراك ئەنجام بدەن.



وشە - رامیار جەواد