رەگەزگۆڕاوێكی عێراقی كوژرا

:: PM:05:48:25/09/2023 ‌

پێدەچێت هەموو كۆمەڵگەیەك قبووڵی رەگەزگۆڕین و خۆنمایشكردن بەو شێوەیە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نەكات، بەتایبەتی لە كۆمەڵگەیەكی شێواو و شپرزەی وەك عێراق كە تێكەڵێك لە ئاین و سیاسەت و گەندەڵی و تاوان و توندوتیژی بەسەردا زاڵە، بۆیە رەنگە كاردانەوەیەكی نائاسایی بەرانبەریان دروست ببێت و بە كارەسات كۆتایی بێت، ئەمڕۆ لە بەغدا رەگەزگۆڕاوێك بە دەستی چەكدارێكەوە كوژرا.

وەك میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە، ئەمڕۆ دووشەم كەسێكی رەگەزگۆڕاو بەناوی "نور بی ئێم"، لە گەڕەكی مەنسووڕ لە ناوەڕاستی بەغدا بە دەستی ماتۆرسكیلێكی دیلیڤەری بە سێ گولە كوژراوە، گولەكانی بەر سنگ و ملی كەوتوون. 

بە پێی زانیارییەكان ئەو كەسە رەگەزگۆڕاوە ناوی تەواوی "محەمەد نوور سەمیر"ە و لەدایكبووی ساڵی 2000ە، لە لایەن ماتۆرسكیلێكەوە لەبەردەم ماڵەكەی لە ناوچەی داودی بە سێ گولە كوژراوە.

محەمەد خۆی وەك "نور بی ئێم"، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ناساندووە، لەوانە لە تیك توك و ئینستاگرام و زیاتر لە 250 هەزار كەس سەیری كارەكانی دەكەن، ئەو زۆرجار ڤیدیۆی خۆی لە یانە شەوانەكان لە بەغدا و هەولێر بڵاو دەكاتەوە كە سەما دەكات.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل