زیانە ئابوورییەكانی ئیسرائیل لە جەنگی غەزەدا

:: AM:11:26:21/11/2023 ‌
بەگوێرەی ماڵپەڕی بلوومبێرگ، ئابووریی ئیسرائیل پێویستی بە 520 ملیار دۆلار هەیە بۆ ئەوەی شوێنی ئەو زیانە ئابوورییە بگرێتەوە كە لە حەوتی ئۆكتۆبەرەوە تا ئێستە كردوویەتی، نزیكەی حەوت هەزار هاووڵاتی كە بەشێكی زۆری هێزی كاری كشتوكاڵی پێكدەهێنن، لە دەرەوەی ئیسرائیلەوە هاتبوون، ئەو وڵاتەیان جێهێشتووە، بەو هۆیەوە كەرتی كشتوكاڵ ڕووبەرووی كورتهێنان بووەتەوە و نزیكەی 10 هەزار جووتیار لە كێڵگەكانیان هەڵاتوون.

تەل ئەبیب نزیكەی 25 ملیار دۆلاری لە ڕووی ئابوورییەوە لە دەست داوە، چونكە چەندان كۆمپانیای وەبەرهێنان، گرێبەستەكانیان هەڵوەشاندووەتەوە یان كۆتاییان بە گرێبەستەكانیان هێناوە. پێشبینی دەكرێت لە ماوەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵدا، ئیسرائیل 11%ی ئابووری خۆی لە دەست بدات،  داڕمانی ئابووری پێویستی بە كاتێكی زۆر هەیە بۆ ئەوەی دووبارە هەستێتەوە، تا جەنگیش هەبێت، هەستانەوەی ئابووری مەحاڵ دەبێت.

ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیلی، ڕاپۆرتێكی (زیف ستاب)ی بڵاو كردووەتەوە لەسەر هێرش ‌و ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەكانی نێوان ئیسرائیل ‌و بزووتنەوەی حەماس لە كەرتی غەزە، كاریگەرییەكانی لەسەر دۆخی ئابووری ‌و دارایی ئیسرائیل.

ڕۆژنامەكە دەڵێت، لەڕووی سەربازییەوە تا ئێستە ئیسرائیل هەزاران مووشەكی لەڕێی سیستمی بەرگریی ئاسمانی گومەزی ئاسنینەوە، ئاراستەی  گرووپە فەلەستینییەكان كردووە كە نرخی هەریەكێكیان، لە نێوان 50 بۆ 80 هەزار دۆلاردایە، جگە لەوەی سوپا دەبێت خەرجی ئەو حەوت هەزار سەربازە یەدەگە بكێشێت كە لە دوای دروستبوونی گرژییەكانی كەرتی غەزەوە بانگهێشت كراون، سەرباری خەرجیی ئەو سەتان هێرشە ئاسمانییانەی سوپای ئیسرائیل ئەنجامیان دەدات ‌و ڕۆژ بەڕۆژیش ڕوو لە هەڵكشانە.

ئیسرائیل لە حەوتی ئۆكتۆبەرەوە، نزیكەی حەوت هەزار هاووڵاتی كە بەشێكی زۆری هێزی كاری كشتوكاڵی پێكدەهێنن و لە دەرەوەی ئیسرائیلەوە هاتبوون، ئەو وڵاتەیان جێهێشتووە، بەو هۆیەوە كەرتی كشتوكاڵ ڕووبەرووی كورتهێنان بووەتەوە و نزیكەی 10 هەزار جووتیار لە كێڵگەكانیان هەڵاتوون.

لەبارەی زیانە ئابوورییەكانی فەلەستین، ماڵپەڕی ئەنادۆڵی توركی بڵاوی كردووەتەوە، لە ماوەی زیاتر لە مانگێكدا كە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستی پێ كردووە، ئابووری فەلەستین بە تەواوەتی وێران بووە و بەرەو لاوازییەكی زۆر ڕۆیشتووە، هەر پێش جەنگیش ڕێژەی بێكاری 46% بوو.

لە ئیسرائیلیشدا زیاتر لە 120 هەزار ئیسرائیلی ناچار كراون ماڵەكانیان جێبهێڵن، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام دووپات لەسەر ئەوە دەكرێتەوە پێویستە هاووڵاتییانی سڤیل بپارێزرێن، لە كاتی شەڕدا  هاووڵاتییانی سڤیل نەكرێنە ئامانج و بەردەوام هەوڵی گواستنەوەیان بۆ شوێنە ئارامەكان بدرێت، ئەمەش لە ڕووی ئابوورییەوە تێچووی گەلێ زۆر دەبێت. 



وشە - سۆران عەزیز