"حووت"ـەكەی ناسڕییە بەندكراوێكی تری قوت دا

:: PM:09:32:23/11/2023 ‌
رووداوی گیان لە دەستدانی تەمومژاوی لە  گرتووخانەی "حووت" لە شاری ناسریەی  پارێزگای زیقار نوێ نییە، ئەمڕۆیش حكومدراوێكی تری گرتووخانەكە كە سزای " لە سێدارەی هەبووە" لە هەلومەرجێكی گوماناویدا گیانی لە دەست دا. 

بەپێی زانیاری سەرچاوەیەكی پۆلیس لە شاری ناسریە كە بە پێگەی هەواڵیی "شەفەق نیوز"ی راگەیاندووە، ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی تشرینی دووەمی 2023 یەك لە بەندكراوانی گرتووخانەكە كە لە پەنجاكانی تەمەنیدا بووە و خەڵكی موسڵ بووە گیانی لە دەست داوە. 

بەپێی قسەی سەرچاوەكە، بەندكراوەكە بەپێی مادەی چوار لە یاسای سزادانی عێراق و نەهێشتنی تاوانەكان سزای لە سێدارەی هەبووە.

 تۆمارکردنی مردن لەنێو گیراوانی گرتووخانەکە دەگمەن نییە  و لەمساڵدا چەندان گیان تۆماری تری مردن لە گرتووخانەكە تۆمار كراوە و لەناو بەندیەكانیشدا مردن بە "قوت"دان ناو دەبرێت و گرتووخانەكەیش بە "حووت" نەهەنگ.

گرتووخانەی ناوەندی ناسریە كە بە گرتووخانەی "حوت" ناسراوە، گرتووخانەیەكی گەورەیە و دەكەوێتەوە نزیك شاری ناسریە لە پارێزگای زیقار، جێگەی باسە ئەم گرتووخانەیە گەوەرترین گرتووخانەیە لە باشووری عێراق و لە ساڵی 2008 دامەزراوە و لەژێر كۆنتڕۆڵ و رێوشوێنێكی توندی تەناهی و پاسەوانیدایە. 

بەهۆی ئەوەی زۆربەی زیندانییەكانی ئەم گرتووخانە مادەی تیرۆر و تاوانە گەورەكانن و زۆربەیان مەحكوومن بە سزای سێدارە یاخود زیندانی تاهەتایی و هاتنە دەرەوە لێی شتێكی ئەستەمە، گرتووخانەكە بە "حوت" نەهەنگ ناوی دەركردووە و ئەمڕۆ مانشێتی " حوت"ەكەی ناسریە پیاوێكی قوتدا میدیا عەرەبییە عێراقییەكانی تەنی.



وشە - پۆڵا مەحموود