سەرۆكی لقی سلێمانی كۆمەڵەی ئۆتیزم: تووشبوو هەیە پێی ناخۆشە خەڵک پێی بزانێت

:: PM:10:20:25/11/2023 ‌

پەرێز ئەحمەد، سەرۆكی لقی سلێمانی كۆمەڵەی ئۆتیزم لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا تیشك دەخاتە سەر دۆخی منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم لە پارێزگەی سلێمانی، باس لەوە دەكات كە یەك سەنتەری حكوومی چارەسەركردن هەیە و جێگەی هەموویان نابێتەوە، هەروەها لە سەنتەرەكان گرنگی بە تووشبووان و راهێنانیان نادرێت، دووپاتی دەكاتەوە كە بەشێك لە تووشبووان حاڵەكانیان دەشارنەوە.

 *ژمارەی منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم كە لای ئێوە تۆمار كراون چەندە؟

نزكەی 400 منداڵە، ژمارەكە لەزیادبووندایە و رۆژانە بە بەردەوام پێوەندیمان پێوە دەكرێ و ناو تۆمار دەكەین، بەداخەوە ژمارەی تووشبووانی ئۆتیزم لەو ژمارەیە زیاترە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە كە زۆر خەڵك تووشبووان دەشارنەوە، ئەگەرنا ژمارەكە زۆر زۆرە.

*دەكرێ منداڵێكی تووشبووی ئۆتیزم چاك ببێتەوە؟، لە سەنتەرەكە چۆن راهێنانیان پێ دەكرێت؟

ئۆتیزم نەخۆشی نییە تا بڵێین چاك دەبیتەوە، بەڵكو حاڵەتێكە بە راهێنان بەرەو باشتر دەڕوات و وای لێ دەكرێت بتوانێت شتە سەرەتاییەكانی خۆی بكات و بیزانێت، بۆیە چاكبوون نییە، بەڵكو بەرەو باشتربوونە، حاڵەت بۆ حاڵەتیش جیاوازی هەیە، مەبەستمان رێژەی ئۆتیزمەكەیە كە لە منداڵێكەوە بۆ منداڵێكی تر دەگۆڕێت.

*لایەنە پێوەندیدارەكان تا چەند گرنگی بە نەخۆشانی ئۆتیزم دەدەن و تا چەند هاوكارن؟

كەمتەرخەمی هەیە و وەك پێویست هاوكاری نییە و مافەكانیان بۆ دابین نەكراوە، كەم تا زۆرێك  لە ناو سەنتەری شارەكان چەند سەنتەرێكمان هەیە، بەڵام لە ئاستی خواستی خێزانەكانیان نییە، چونكە بەهۆی زۆریی ژمارەی منداڵانی ئۆتیزم ناتوانین شوێنی هەموویان بكەینەوە و پێویستمان بە سەنتەری زیاتر هەیە تا بتوانین خزمەت بە هەموو تووشبووانی ئۆتیزم بكەین.

*لە وڵاتان گرنگیی زۆر بە منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم دەدرێت، ئایا لێرە تا چەند ئەو گرنگییە هەیە و لە ئاسانكاری بۆیان و دابینكردنی پێویستییەكانیان بەرجەستە بووە؟

سەبارەت بە گرنگیدان بە كەسانی تووشبووی ئۆتیزم لە دنیادا شتێكی  تازەیە، تازە بە وردی توێژینەوەی لەسەر دەكرێ و زیاتر بە خەڵك ناسراوە، بۆیە كۆمەڵگەی كوردەواریش بەدەر نییە لەو ناهۆشیارییە بەرانبەر بە تووشبوانی ئۆتیزم هەیە، لە زۆر شوێن حاڵەتەكەیان بە دەروونی هەژمار دەكرێت، راستییەكەی ئۆتیزم حاڵەتێكی دەمارییە نەك دەروونی، بەداخەوە كۆمەڵگەش هۆشیاریی سەبارەت بە حاڵەتی ئۆتیزم نییە، بۆیە لەوانەیە لە هەر شوێنێك وەك پێویست ئاسانكاری بۆ تووشبووانی ئۆتیزم نەكرێت، ئەوەش بەهۆی ناحاڵی و تێنەگەیشتوویی كۆمەڵگە لە حاڵەتەكە.

*ئایا لە كوردستان پزیشكی پسپۆڕی ئۆتیزم هەیە؟

بەداخەوە ئەیڵێم، لە هەرێمی كوردستان پزیشكی تایبەت بە ئۆتیزم نییە، ئەوەش هۆكارێكە بۆ ئەوەی كە ئەوانەی ئۆتیزمیان هەیە لەو رووەوە گرفتیان هەبێت.

*تا چەند پیویستی و كەلوپەل و بینا و شوێنی تایبەت بۆ توواشبووان دابین كراوە؟

وەك پێویست پێویستی و كەلوپەلی تایبەت بە تووشبووانی ئۆتیزم دابین نەكراوە زۆر كەمە، یەك سەنتەری حكوومی لە سلێمانی هەیە و ئەویش وەك پێویست نییە، جێگەی ئەو هەموو منداڵەی تیادا نابێتەوە، بۆیە كەسوكاریان بە ناچاری ئەیانبەن بۆ سەنتەری تایبەت، لەم سەنتەرانەش پارەیەكی زۆریان لێ وەردەگیرێت، بۆیە بەهۆی زۆریی پارەكەوە خێزان هەیە ناتوانێت منداڵەكەی بۆ سەنتەرە تایبەتەكان ببات.

 *دایك و باوك هەیە گلەیی هەیە لەسەر شێوازی گرنگیدان بە منداڵە تووشبووەكەی، حاڵەتی نەخوازراو رووی داوە كە كەسوكاری منداڵ بەو هۆكارە منداڵەكەیان دەربێنن؟

لە سەنتەرە حكوومەتی و تایبەتەكانیش شێوازی راهێنانیان بە منداڵان و تووشبووانی وەك پێویست نییە، كاتی راهێنان بۆ ئەو مناڵانە زۆر كەمە، دەبێت ئەم كەسە یان منداڵ و تووشبووە، لانی كەم هەشت سعات راهێنانی پێ بكرێت، دواتر چالاكیی دەرەوەیان پێ بكرێت، بەڵام ئەوە نییە یان زۆر كەمە.

دیمانە/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل