بارزان ئه‌رده‌ڵان شرۆڤه‌كاری سیاسیی كورد له ئه‌مه‌ریكا، له چاوپێكه‌وتنێكیدا ده‌زگای میدیایی ''وشه" باس له ده‌رفه‌ته‌كانی به‌رده‌م كوردستان و خاڵه به‌هێز و لاوازه‌كان و گرنگیی كوردستان له ناوچه‌كه ده‌كات و پێی وایه، هه‌رێمی كوردستان بایه‌خێكی تایبه‌تی بۆ ئه‌مه‌ریكا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه و شكستی كوردستان، ده‌بێته شكستی ئه‌مه‌ریكا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هه‌ر جۆره كشانه‌وه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكاش له كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه، گورزێك ده‌بێت له متمانه و بڕوابوونی گه‌لانی تری دنیا به ئه‌مه‌ریكا.
ئێران بۆچی هێرش ده‌كاته سه‌ر هه‌ولێر و ماڵی سه‌رمایه‌دار ده‌كاته ئامانج و منداڵ و كه‌سانی سڤیل شه‌هید ده‌كات؟
پلانێكی گه‌وره له دژی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان له ئارادایه، ئێران و ده‌ست و داوێنه‌كانی نه‌یانشاردووه‌ته‌وه كه ده‌یانه‌وێت كوردستان بگێڕنه‌وه بۆ قۆناغی ئه‌نجوومه‌نی جێبه‌جێكردن و ئه‌نجوومه‌نی یاسادانان. ساڵانێكی زۆره رژێمی ئێران به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر ده‌ستوه‌ردان له هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، له زۆر ناوچه‌ی جیاوازی دنیایش تیرۆریزم پیاده ده‌كات، له عێراق، سووریا، یه‌مه‌ن و ته‌نانه‌ت له ئه‌رجه‌نتینیش په‌ره‌ی به تیرۆر داوه. ئێران ده‌یه‌وێت كۆتایی به ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان بهێنێت، له ساڵی 2017 ئێران به‌شدار بوو له داگیركردنی كه‌ركووك، ته‌نانه‌ت له هه‌ولێریش نزیك بوونه‌وه. ئێسته‌یش بۆ بیانوو بۆ ئه‌م هێرشانه‌ی دوایی له رێی پرۆكزییه‌وه (داروده‌سته و گرووپه میلیشیاكانی)، تۆمه‌تی جۆراوجۆر دژی كوردستان داده‌تاشێت.
ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر هه‌ولێر و شه‌هیدكردنی هاووڵاتییانی سڤیلیا كرد
هۆی چییه چه‌ند سه‌عاتێك دوای هێرشه‌كانی ئێران، شه‌پۆلی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پشتیوانی له هه‌ولێر و سه‌ركۆنه‌كردنی ئێران بینرا؟
ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر هه‌ولێر و شه‌هیدكردنی هاووڵاتییانی سڤیلیا كرد ، به‌ڵام ته‌نیا سه‌ركۆنه‌كردن به‌س نییه، ده‌بێت سنوورێك دابنرێت بۆ ئه‌و هێرشانه‌ی ده‌كرێته سه‌ر هه‌ولێر. ئه‌مه‌ریكا پێویسته به توندتر و باشتر به‌رگری له ئه‌زموونی كوردستان بكات. له سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عس پاش كۆڕه‌وه‌كه، ناوچه‌ی دژه‌فڕین سه‌پێنرا، ئاخۆ ده‌كرێت شتێكی له‌و جۆره هه‌بێت كه رێ نه‌درێت هێزی شه‌ڕكه‌ر و چه‌ك هه‌ڵبكوتێته سه‌ر سنووری ئاسمانی و زه‌وینی كوردستان. گه‌ل و حكوومه‌تی كوردستان چاویان له‌وه‌یه ئه‌مه‌ریكا زیاتریان بۆ بكات وه‌ك له سه‌ركۆنه‌كردن. به‌داخه‌وه ئیداره‌كه تا ئێسته‌یش وه‌ڵامی وه‌ك پێویست نه‌بووه كه به‌رانبه‌ر ئێران بوه‌ستێت، ته‌نانه‌ت له هه‌مبه‌ر كوژرانی سێ سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكیش. سه‌ركۆنه و ته‌نانه‌ت لێدان له پرۆكزییه‌كان به‌س نییه بۆ سیاسه‌تی دێته‌رانس یان چاوترسێنكردن، به‌ڵكو وه‌ها په‌سنده كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان گورزی توند له ژێرخانی پلانی چه‌كی ناوكیی ئێران بدات له نه‌ته‌نز و ئارده‌كان و ئه‌و شه‌ش جێیه‌ی تر له‌ناو ئێران كه چالاكییه‌كانی بنیاتنانه‌ی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی لێیه.
هه‌ولێر لای وڵاتانی دنیا چ گرنگییه‌كی هه‌یه؟
هه‌ولێر وه‌ك پایته‌ختی كوردستان، شارێكی گرنگه و له هاوكێشه‌كان حیسابی تایبه‌تی بۆ ده‌كرێت. بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئارامی به خۆیه‌وه ببینێت، پێویسته ئه‌زموونی كوردستان بپارێزرێت، هه‌ندێك كه ده‌ڵێن كێشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، مه‌به‌ستیان ته‌نیا كێشه‌ی ئیسرائیل و فه‌له‌ستینه، به‌ڵام كێشه‌یه‌كی تری گه‌وره هه‌یه كه ئه‌ویش پرسی كورده. زۆرجار هه‌ندێك شرۆڤه‌كار و ده‌سه‌ڵاتدار ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی كوردی دابمه‌زرێت، ناوچه‌كه نائارام ده‌بێت، ئه‌مه له كاتێكدا كه 100 ساڵه ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نائارامه. هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته ناوچه‌یه‌كی پێكه‌وه‌ژیان و ئازادیی ئاینی و سیاسی هه‌یه، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو لایه‌ك، وا باشه كوردستان له‌سه‌رپێی خۆی به‌هێزه‌وه بوه‌ستێت.
پشتیوانیی ئه‌مه‌ریكییه‌كان بۆ هه‌ولێر چۆن ده‌بێت، پێت وایه چی ده‌كرێ تا ئه‌و هێرشانه دووباره نه‌بنه‌وه؟
پشتیوانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا وه‌ك پێویست نییه، هه‌ندێك هه‌واڵ ده‌بیستین له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی دژه درۆن بدرێت به كوردستان، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌سته‌مه. پێویسته لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كان خاڵه‌كانی به‌هێزی و لاوازیی گه‌لی كورد دیاری بكه‌ن تا بزانرێت پشتیوانیی ئه‌مه‌ریكا چۆن بێت و ئاخۆ به كرده‌وه ده‌توانێت چی بۆ كورد بكات. هه‌ڕه‌شه‌كان زۆرن، به‌ڵام ده‌رفه‌ته‌كانیش هه‌ن. پێویسته پلانی ستراتیجی له ئارادا بێت بۆ درێژه‌دان به پێوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان، له‌ناویدا چۆن پشتیوانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ هه‌رێمی كوردستان زیاد بكرێت، یان لانی كه‌م درێژه‌ی پێ بدرێت به‌وه‌ی كه هه‌یه.
له‌باره‌ی ئه‌مه‌ریكییه‌كانیش بێگومان رۆژێك دێت كه ئه‌مه‌ریكییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان و له رۆژاڤاش بكشێنه‌وه، به‌ڵام وازهێنان له گه‌لی كورد و به‌جێهێشتنی بۆ ژێر به‌زه‌یی ئه‌م وڵاته دیكتاتۆرییانه‌ی ناوچه‌كه، ده‌بێته هۆی له‌كه‌داركردنی متمانه و بڕوابوون به ئه‌مه‌ریكا، ئه‌وسا نه‌ك ته‌نیا كورد، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت گه‌لانی تریش متمانه‌یان به ئه‌مه‌ریكا نامێنێت، ترسی ئه‌وه‌یان ده‌بێت ئه‌مه‌ریكییه‌كان له نیوه‌ی ڕێدا پشتیان تێبكه‌ن. دواجار ئه‌مه‌ریكا ئه‌م ناوچه‌یه به‌جێ ده‌هێڵێت، به‌ڵام پێناچێت پێش ساڵ و نیوێك بۆ دوو ساڵی تر ئه‌مه ڕوو بدات. له‌م ماوه‌یه‌دا ده‌كرێت چی بكرێت بۆ ئیدامه‌دان به پێوه‌ندییه‌كان و هاوكارییه‌كان؟ پشتیوانی گه‌ل و حكوومه‌تی كوردستان له‌لایه‌ن ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانه‌وه ده‌بێت به شێوه‌یه‌ك بێت، خوێنی هه‌زاران سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی كه له عێراق شه‌هید بوون و ملیاران دۆلار كه له عێراق خه‌رجیان كرد، به‌فیڕۆ نه‌ڕوات و ئه‌و وێنه‌یه دروست نه‌بێت له‌لای گه‌لانی دوور و نزیك، ئه‌مه‌ریكا تا سه‌ر دۆستی هیچ گه‌لێك نییه و ته‌نیا دۆستی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیه‌تی.
ئایا كورد ده‌توانێت ئه‌م پشتیوانییه نێوده‌وڵه‌تییه بقۆزێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش له دانیشتنێكی تایبه‌ت، گره‌نتیی پاراستنی ئاسمان و زه‌ویی كوردستان به‌ده‌ست بهێنێت؟
بۆ كارێكی وا ده‌بێت وڵاتێكی سێیه‌م پێشنیاری بكات، ئه‌سته‌مه ئه‌مه‌ریكا یان عێراق داوای له‌و جۆره بكه‌ن، پێناچێت هیچ ده‌وڵه‌تێك ئاماده بێت كێشه‌ی كورد بباته ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش. له كاتی شه‌ڕی داعشدا، عێراق ته‌نانه‌ت ڕازی نه‌بوو ئه‌مه‌ریكا ڕاسته‌وخۆ چه‌ك به پێشمه‌رگه بدات، ئه‌و چه‌كانه‌شی ده‌هاتن ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گرتن. ته‌نانه‌ت ئه‌ندامی كۆنگرێس هه‌بوو كه به دۆستی كورد داده‌نرا، ڕه‌وه‌ندی كورد ده‌نگ و كۆمه‌كی بۆ كۆ ده‌كرده‌وه، له كۆنگرێس له دژی چه‌كداركردنی ڕاسته‌وخۆی كوردان ده‌نگی دا.
خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و داوایه بشگه‌یه‌نرێته ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش، عێراق و وڵاتانی دراوسێش دژی ده‌وه‌ستنه‌وه
هه‌ندێك هه‌واڵی له‌و جۆره‌م له میدیای كوردی خوێندووه‌ته‌وه له‌باره‌ی دانیشتنی تایبه‌تیی جڤاتی ته‌ناهی و پاراستنی ئاسمان و سه‌رزه‌وینی كوردان، به‌ڵام ڕه‌نگه ئه‌و هه‌واڵانه زیاتر بۆ به‌كارهێنانی ناوخۆیی بێت. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و داوایه بشگه‌یه‌نرێته ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش، عێراق و وڵاتانی دراوسێش دژی ده‌وه‌ستنه‌وه و ڕێ ناده‌ن جارێكی تر هه‌رێمی كوردستان پارێزبه‌ندییه‌كی ئاسمانی یان زه‌وینی هه‌بێت.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لێره‌وه ده‌توانێ داوای چه‌كی پێشكه‌وتوو بۆ پاراستن له خۆی بكات؟
عێراق و ده‌وڵه‌تانی دراوسێ ڕازی نابن هیچ ده‌وڵه‌تێك چه‌كی پێشككه‌وتوو به هه‌رێمی كوردستان ببه‌خشێت، ئه‌مه ڕوو نادات و ئه‌گه‌ر ڕوو بدات، ئه‌وان ناهێڵن به خاك یان ئاسمانی ئه‌واندا گوزه‌ر بكات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر جۆری به‌رگریش بێت، وه‌ك دژه‌درۆن و چه‌كی دژه‌فڕۆكه و دژه‌تانك. كڕینی چه‌كیش له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بژارده‌یه‌كی واقیعی نییه و شتێكی ئه‌سته‌مه، فرۆشیارانی نێوده‌وڵه‌تی ته‌نیا له‌گه‌ڵ لایه‌نی ده‌وڵه‌ت وه‌ك دوابه‌كارهێنه‌ر مامه‌ڵه ده‌كه‌ن.
ئایا پێوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كانی كوردستان به‌ره‌پێشه‌وه ده‌ڕوات، ده‌وڵه‌تانی دنیا له ئه‌گه‌ری له‌شكركێشی بۆ سه‌ر كوردستان پشتیوانی ده‌كه‌ن؟
ئه‌مڕۆ دیپلۆماسیی كوردی، چی وه‌ك ده‌زگای فه‌رمی و چی وه‌ك ده‌زگای نافه‌رمی كه گه‌لانی بێ ده‌وڵه‌ت زیاتر په‌نا بۆ ئه‌مه‌ی دوایی ده‌به‌ن، جێی ئیره‌یی پێ‌بردن نییه. ئاسته‌نگی خودی و بابه‌تی زۆرن له پێش دیپلۆماسیی كوردی، ئه‌وه‌ی جێی داخه ئه‌و به‌شه‌یه كه پێوه‌ندیی به كارزانیی كورد خۆیه‌وه هه‌یه. بێگومان هاوكات ده‌رفه‌تیش هه‌یه. ڕه‌وه‌ندی كوردی و حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌توانن كاری باشتر بكه‌ن بۆ به‌هێزتركردنی پێوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی تر، به‌تایبه‌ت ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان. شكستی كوردستان، ده‌بێته شكستی ئه‌مه‌ریكا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، گورزێك ده‌بێت له متمانه و بڕوابوونی گه‌لانی تریش به ئه‌مه‌ریكا.
وا په‌سنده بڕیاربه‌ده‌ستان پێداگریی له داڕشتنی پلانی ستراتیجی و تاكتیكی بكه‌ن، له جیاتی سه‌رنج خستنه‌سه‌ر پلانی بچووك و مایكرۆمه‌نێجمێنت، وا په‌سنده ئه‌و كه‌س و ئامراز و رێیانه‌ی تا ئێسته سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، ئیتر به كه‌س و ئامراز و رێی تر جێیان پڕ بكرێته‌وه. هه‌روه‌ها پێویسته لێدوان و به‌یاننامه و ڕاپۆرتی كونسوڵگه و باڵوێزخانه و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكی به رژدی وه‌ربگیرێن و هه‌ڵوه‌سته و كاریان له‌سه‌ر بكرێت، ئه‌م دامه‌زراوانه به‌شێكی گرنگ و كاریگه‌رن له داڕشتنی سیاسه‌تی ئیداره‌كه. سه‌رنج و و ته‌نانه‌ت ڕه‌خنه و ئه‌و بابه‌تانه‌ی جێی ناكۆكی و مشتومڕه له نێوان كورد و ئه‌مه‌ریكا، ده‌شێت بكرێن به خشتێك له بینای پێوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه، نه‌ك ببنه هۆی دروستبوونی درز و كه‌لێنی زیاتر و گه‌وره‌تر. ده‌توانرێت ئامراز و كه‌سانی پسپۆڕ و ده‌رفه‌ت بدۆزرێنه‌وه.
ڕه‌وه‌ندی كوردی ده‌توانێت كاریگه‌ریی خۆی هه‌بێت، هیچ ئامارێك له به‌رده‌ستدا نییه بۆ ژماره‌ی كورد له ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵام دابه‌شبوونی لایه‌نه‌كان له كوردستان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خراپی هه‌یه له‌سه‌ر كار و چالاكیی ڕه‌وه‌ندی كوردی له وڵاتانی ده‌ره‌وه، بۆ نموونه له وێنه و ڤیدیۆكانی كوردستان 24 و ڕووداو بینیمان، ته‌نیا نزیكه‌ی 20 كه‌س دژی له‌شكركێشیی ئێرانن بۆ سه‌ر هه‌ولێر و بۆردمانكردنی ماڵی شه‌هید پێشڕه‌و، له خۆپیشاندانه‌كه‌ی پێش كۆشكی سپی به‌شدارییان كرد، ئه‌مه له كاتێكدا هه‌ندێك مه‌زه‌نده باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن نزیكه‌ی 80 هه‌زار كورد له ئه‌مه‌ریكا ده‌ژین كه نزیكه‌ی 10 هه‌زار كه‌سیان له ده‌ڤه‌ری واشنتن دی سی نیشته‌جێن. وا په‌سنده بڕیاربه‌ده‌ستان دووپات بخه‌نه سه‌ر پلاندانان بۆ پته‌وكردنی پێوه‌ندییه‌كانی كورد و ئه‌مه‌ریكا بۆ ده‌می كورتخایه‌ن و درێژخایه‌ن، نه‌ك سه‌رقاڵبوون به كاروباری بچووك و لاوه‌كی (مایكرۆمه‌نیجمێنت)، جگه‌له‌مه ده‌كرێ رێ و كه‌س و ئامرازی جیاواز له جاران تاقی بكرێته‌وه.
هه‌ڵه‌بجه \ عه‌زیز ڕه‌سووڵ