وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاری دا بۆ مانگی پیرۆزی رەمەزان هێلكە و مریشك و گۆشت بە نرخێكی هەرزان بەسەر هاووڵاتییان دابەش بكرێت، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی كوردستانیش لەبارەی دابەشكردنی ئەو مادە خۆراكییانە لە هەرێم روونكردنەوە دەدات.
ئەمڕۆ یەكشەم 11ی شوباتی 2024، وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڵاوی كردەوە كە بۆ مانگی رەمەزان، هەڵمەتێكی گەورە دەستی پێ كردووە بۆ ئەوەی هێلكە و مریشك و گۆشت بە نرخی هەرزان بگاتە دەستی هاووڵاتییان، بۆ ئەو مەبەستەش چەندان شوێنی دابەشكردن دەكرێنەوە.
لەوبارەوە نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو بڕیارەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆ دابەشكردنی هێلكە و مریشك و گۆشت بە نرخی هەرزان، لە چوارچێوەی پسوولەی خۆراك نییە و تەنیا هاوكارییە بۆ خێزانە هەژار و كەمدەرامەتەكان.
روونی كردەوە، وەزارەتی بازرگانیی عێراق بازاڕی تایبەت بۆ ئەو سێ مادە خۆراكییە لە شارەكانی عێراق دەكاتەوە و بە نرخی هەرزان دابەشیان دەكات، ئێمەش بە نووسراو داوامان لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق كردووە بۆ ئەوەی ئەو مادانە بۆ هەرێمی كوردستانیش دابین بكرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم دووپاتی كردەوە، وەزارەتی بازرگانیی عێراق داوای كردنەوەی بازاڕی تایبەتمان لێ دەكات تا بۆمانی بنێرن، ئێمەش خەریكی كردنەوە و دانانی ئەو شوێنانەین تا ئەو سێ خۆراكە بۆ هەرێمی كوردستانیش رەوانە بكرێن و هەوڵ دەدەین بە زووترین كات ئامادەسازییەكان تەواو بكەین.
لای خۆیەوە سەردار رەحیم، بریكاری خۆراك بە "وشە"ی گوت، دابینكردنی ئەو سێ مادە خۆراكییە سەرەكییە بە نرخی هەرزان بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان، كە بتوانن بەو نرخە هەرزانە بەدەستی بخەن، شتێكی زۆر باشە و كاریگەریشی لەسەر نرخی ئەو خۆراكانەی لە بازاڕ دەبێت.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی