نەتەوە یەكگرتووەكان: ساڵی رابردوو زیاتر لە دوو ملیار تۆن زبڵ لە دنیادا فڕێ دراوە

:: AM:09:15:29/02/2024 ‌
پرۆگرامی ژینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان (UNEP) لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ڕای گەیاند، "ژینگەی دنیا زیاتر بەرەو پیسبوون دەڕوات، ئەوەش بەشێكی زۆری پێوەندیی بە بڵاوبوونەوە و فڕێدانی زبڵ و بەرماوەی مرۆڤەوە هەیە."

 راپۆرتی ژینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵیت، "وڵاتانی دنیا دەستبەجێ دەبێـت كار لەسەر ئەوە بكەن بەرهەمهێنانی زبڵ و خاشاك بەتەواوی كەم بكەنەوە، بەرهەمهێنانی گازە زیانبەخشەكان بنبڕ بكەن، چونكە ئەمانە كاریگەری لەسەر تەندروستی هەسارەكەمان و دواجاریش لەسەر ئەوانەی لەناو هەسارەكەدا دەژین  هەیە".
 
بەگوێرەی ئەو ئامارەی پرۆگرامی ژینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان بڵاوی كردووەتەوە، ساڵی رابردوو زیاتر لە دوو ملیار تۆن زبڵ و خاشاك لە دنیادا فڕێ دراون، بۆیە رێكخراوەكە هۆشداریی دەدات، "ئەگەر رێكاری پێویست نەگیرێتەبەر، تا ساڵی 2050 ساڵانە فڕێدانی زبڵ و خاشاك دەگاتە نزیكەی چوار ملیار تۆن."

 زبڵ و خاشاك و بەرماوەكانی تری مرۆڤ وایانكردووە، هەسارەكەمان بەتەواوی پیس و ماندوو ببێت، ئەمەش نەك كاریگەریی خراپی هەیە، بەڵكو ساڵانەش بۆ فڕێدانی پارەیەكی زۆری پێویستە، بەپێی دواین راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە ساڵی 2020 تێچووی فڕیدانی زبڵ و خاشاك لە دنیادا 361 ملیار دۆلار بووە. 
 



وشە - سۆران عەزیز