له‌ عێراق به‌ یاسا گه‌نده‌ڵی ده‌كرێت

:: PM:12:03:02/03/2024 ‌
خه‌لیل غازی ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق، له‌ چاوپێكه‌وتنێكی "وشه‌"دا تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر چه‌ند پرسێكی تایبه‌ت و باس له‌وه‌ ده‌كات، ئه‌وانه‌ی له‌ عێراق گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن، به‌شێوه‌یه‌كی رێكخراو و به‌ یاسایی ده‌یكه‌ن و له‌ولایشه‌وه‌ هاتووه‌ بیانوو به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێ و مووچه‌كه‌ی بۆ ره‌وانه‌ ناكات.

 بۆچی دووباره‌ ئه‌و مانگه‌ مووچه‌ دواخرا؟

ئێمه‌ ده‌بێت ئێسته‌ ئه‌وه‌ بزانین مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ده‌ستی به‌غدایه‌ و ئه‌وان به‌ كه‌یفی خۆیان كه‌ی ویستیان و تاقه‌تیان هه‌بوو دوای ده‌خه‌ن و كه‌ی ویستیان ده‌ینێرن، مادام پاره‌كه‌ لای ئه‌وان و بڕیاره‌كه‌ لای خۆمان نه‌ماوه‌، كه‌واته‌ ده‌بێت چاوه‌ڕێی به‌غدا بكه‌ین كه‌ی پێیان خۆش بوو بۆمان بنێرن.

بڕیاربوو هه‌موو مانگێك له‌ 25ی بۆ سه‌ری مانگ مووچه‌ بنێرن ئێسته‌ وا مانگی ئاداره‌؟

به‌غدا داوای لیستی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌، داوای كردووه‌ تا لیستی مووچه‌ نه‌نێرێت ئه‌وانیش مووچه‌ نانێرن، ئه‌وان ده‌ڵێن ده‌بێت ئێمه‌ بزانین ئه‌و پاره‌ی ده‌ینێرن بۆچی ده‌بێت و له‌ چیدا خه‌رج ده‌كرێت و چۆن به‌كار ده‌هێنرێت، هه‌رێمی كوردستانیش تا لیستی مووچه‌ نه‌نێرێت به‌غداش مووچه‌ نانێرێت.

ئه‌گه‌ر هه‌رێم لیستی مووچه‌ بنێرێت به‌غدا پابه‌ندی ناردنی پاره‌ ده‌بێت؟

به‌ كه‌یفی خۆیانه‌، پاره‌كه‌ لای ئه‌وانه‌ و ده‌ڵێن ده‌بێت بزانن ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌ینێرن چۆن خه‌رج ده‌كرێت، به‌غدا یان عێراق هه‌رچی بێت له‌ رووی سیستم و یاسا، تازه‌ به‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

ئایا عێراق ئه‌وه‌نده‌ پاكه‌ و خاوه‌ن دامه‌زراوه‌ و سیستم و یاسایه‌ كه‌ وا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێم ده‌كات ؟

ئه‌وان بوونه‌ته‌ خاوه‌ن بڕیار به‌سه‌ر هه‌رێمه‌وه‌، خۆیان هه‌رچی بن، ناتوانین كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین و بڵێین ئاوایه‌، به‌ میزاجی ئه‌وان هه‌ڵده‌سووڕێین، لای به‌غدا شتێكی ئاساییه‌ به‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌ بكات، گه‌نده‌ڵ بن یان نا لای ئه‌وان كێشه‌ نییه‌، دادگای فیدراڵی بڕیاری داوه‌ ده‌بێت هه‌رێم لیستی مووچه‌ راده‌ست بكات به‌ به‌غدا و به‌غداش مووچه‌ بنێرێت، ئه‌گه‌ر به‌و جۆره‌ نه‌بێت پاره‌ نانێرن.

ئه‌ی به‌گشتی بابه‌تی گه‌نده‌ڵی له‌ عێراق چۆنه‌؟

ئه‌وانه‌ گه‌نده‌ڵن، كه‌ گه‌نده‌ڵی و دزی ده‌كه‌ن به‌ یاسا ده‌یكه‌ن و به‌ شێوه‌ی رێكخراو ده‌یكه‌ن و ده‌یكه‌نه‌ قاڵبی یاسا و ناتوانی بڵێی ئه‌و كه‌سه‌ گه‌نده‌ڵی كردووه‌ و گه‌نده‌ڵه‌ و دزی ده‌كات، عێراق وڵاتێكی وێرانه‌ له‌رووی گه‌نده‌ڵی و هه‌ریه‌كه‌ و بۆ خۆیه‌تی.

خه‌مڵاندنی گه‌نده‌ڵی له‌ عێراق هه‌یه‌ ساڵانه‌ چه‌ند؟

له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ رێكخراو ده‌یكه‌ین و قاڵبی یاسای به‌به‌ردا ده‌كه‌ین هیچ كه‌س نازانێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ رۆژانه‌ سه‌تان كه‌س ده‌چنه‌ نه‌زاهه‌ و دادگای فیدراڵی ئه‌وانه‌ گه‌نده‌ڵییان كردووه‌ و دۆسیه‌یان له‌سه‌ره‌ و لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، هه‌موو كه‌س ده‌زانێت عێراق چ وڵاتێكه‌ بۆ گه‌نده‌ڵی، چونكه‌ هه‌ر لایه‌ و كه‌سێك تاقم و و كه‌سی خۆی هه‌یه‌ و ده‌یكه‌ن، به‌ڵام گرفته‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ به‌ڵگه‌ نییه‌ له‌ به‌رده‌ستدا.

له‌ لیژنه‌ی دارایی هیچ راپۆرتتان بۆ نه‌هاتووه‌ له‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی و ئه‌وانه‌ی ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن؟

نه‌بوونی به‌ڵگه‌كان له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی گرفتی دروست كردووه‌، هه‌مووان باش ده‌زانن عێراق له‌ گه‌نده‌ڵیدا چۆنه‌، هه‌رچی بگوترێت له‌وه‌ی كه‌ عێراق چۆنه‌ له‌و رووه‌وه‌ سوودی نابێت، به‌ڵام ئێسته‌ ئه‌وان هه‌رچی بن، مادام بڕیاره‌كانی سه‌ر هه‌رێم له‌ به‌غداوه‌ ده‌درێن به‌تایبه‌ت مووچه‌، ناتوانرێت هیچ بكرێت.

ئه‌ی لێپرسینه‌وه‌ چی؟

له‌ كاتێكدا عێراق یه‌كێكه‌ له‌ وڵاته‌ گه‌نده‌ڵه‌كانی دنیا و هیچ یاسا و چاكسازی و لێپرسینه‌وه‌یه‌ك نییه‌ و ساڵانه‌ گه‌نده‌ڵیی زۆر ده‌كرێت، له‌و وڵاته‌ و هیچ چاودێرییه‌ك نییه‌، به‌ڵام ده‌یانه‌وێت به‌ بیانووی سیستم و یاسا، هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندی هه‌ندێ شت بكه‌ن كه‌ عێراق خۆیشی نه‌ك جێبه‌جێی ناكات، به‌ڵام بۆیان ده‌چێته‌ سه‌ر، چونكه‌ بڕیار لای خۆیانه‌.

به‌پێی راپۆرته‌ جیهانییه‌كان كه‌ ساڵانه‌ بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌، عێراق له‌ ریزبه‌ندی پێشه‌وه‌ی وڵاته‌ گه‌نده‌ڵه‌كانی دنیادا دێت، پێشتریش به‌پێی راپۆرته‌كان كه له‌لایه‌ن‌ په‌رله‌مانتاران بڵاو كراونه‌ته‌وه‌ قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵیی ساڵانه‌ له‌و وڵاته‌ به‌ ملیار دۆلاره‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی باس ده‌كرێت له‌ دوای پرۆسه‌ی ئازادیی عێراق، قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ عێراق به‌ سه‌تان ملیار دۆلار بووه‌ و براوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌.


دیمانه‌ی/ هۆشیار عه‌لی



وشە - سلێمان تاشان