بڕیاری سەرۆكی حكوومەت لێخۆشبوون بە رێژەی 20%ـی كەرتی گەشتیاری دەگرێتەوە

:: PM:12:57:29/03/2024 ‌
دوای بڕیارەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ لێخۆشبوون ئەو لێخۆشبوونە لە ئێستە كەرتی گەشتوگوزاریش دەگرێتەوە.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەبارەت بە بڕیاری لێخۆشبوون بە ڕێژەی 20% لە قەرزەكان، ڕای گەیاند، ئەوەی پێوەندیدارە بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە لێخۆشبوون بە ڕێژەی 20% لە قەرزی كەڵەكەبووی هاووڵاتییانە.

باسی لەوەش كرد، ئەو هاووڵاتییانەی  قەرزاری حكوومەت و شارەوانین، لە كرێی ئاو و خۆڵ و خاشاك، كرێی ساڵانە و ڕسوماتی پیشەیی، خاوەن دوكانەكان و ڕسوماتی هەڵواسینی تابلۆ و هەموو ڕسوماتەكانی دیكە كە لە گەشتوگوزار وەردەگیرێت لێخۆشبوونیان بە ڕێژەی 20% بۆ دەكرێت.

زیاتر گوتی، تا دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان باش دەبێت، بە هەمان شێوە ئەو داشكاندنە بە ڕێژەی 20% لە كرێی ئاو و شارەوانی و گەشتوگوزار و ڕسوماتەكانی دیە بەردەوام دەبێت و وادەیەكی دیاریكراوی بۆ دانەنراوە، ئەو بڕیارەش لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان دراوە.



وشە - رامیار جەواد