شیرین فوئاد لەبارەی هێرشەكەی كۆرمۆر: تێبگەن ئێمە خاک و حکوومەت و نیشتمانمان چەند گرنگ و بەهێزە

:: PM:11:42:26/04/2024 ‌
لەبارەی هێرشەكەی ئەمشەوی سەر كێڵگەی كۆرمۆرەوە كە بووە هۆی كەمبوونەوەی بڕی دوو هەزار و 500 مێگوات كارەبا و گیان لە دەستدانی چوار كرێكاری بیانی، شیرین فوئاد مەعسووم لە شیكردنەوەیەكیدا بۆ هێرشەكە نووسیوویەتی، درۆنەکان پەیامی ئەوەمان پێ دەدەن هیچ کات ڕێگە نادرێت غازی کوردستان جێگای غازی وڵاتانی هەرێمی دەوربەرمان بگرێتەوە. 

ئەمشەو هەینی 26ی نیسانی 2024، شیرین فوئاد مەعسووم لە بڵاوكراوەیەكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیوویەتی، لەم قۆناغە درۆنەکان ئاڕاستەی کێڵگەکانی گاز و بەرهەمهێنانی کارەبا دەکرێن، لە ئایندەشدا هێرشی درۆنەکان دەگۆڕێن بۆ سووتاندنی گەنمی جوتیاران و ڕەز و باخی هاوڵاتیان.

شیرین فوئاد لەبارەی ئامانجی هێرشەكانەوە روونی كردووەتەوە كە "لێدانە لە ژێرخانی ئابووری کوردستان و دژایەتی کردنی بەرەوپێشچوون و ڕووخاندنی هەموو ئەو بەرهەمانەی حکوومەتی هەرێم بە دەستی هێناوە".

لە كۆتایی نووسینەكەی شیرین فوئاددا هاتووە، درۆنەکان پەیامی ئەوەمان پێ دەدەن هیچ کات ڕێگە نادرێت غازی کوردستان جێگای غازی وڵاتانی هەرێمی دەوربەرمان بگرێتەوە، بۆیە تێبگەن ئێمە خاک و حکوومەت و نیشتمانمان چەند گرنگ و بەهێزە.

جێگەی ئاماژەیە، ئەمڕۆ هەینی 26ی نیسانی 2024 هێرشێكی درۆنی كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر و حكوومەتی هەرێم لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند بەهۆی هێرشەكەوە چوار كرێكاری بیانی گیانیان لە دەست داوە و لای خۆشییانەوە هەردوو وەزارەتی سامانەسروشتیەكان و كارەبای حكوومەتی هەرێمیش لە ئاگادارییەكیاندا بەهۆی هێرشەكە رایان گەیاند، ئاگەداری هاوبەشانی كارەبا دەکەینەوە بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێلگەی کۆرمۆر، ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و بەهۆیەوە نزیکەی دوو هەزار و 500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.

لە ئاگادارییەكە ئاماژە بەوەیش كراوە،  ستافی هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان لەگەڵ لایەنە هاوبەشەکانیان لە هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و دووبارە دەستپێکردنەوەی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا.


وشە - پۆڵا مەحموود