ژنێك له‌ موسه‌ڵای كه‌ركووك به‌چه‌كی هاوسه‌ره‌كه‌ی خۆی ده‌كوژێت

:: AM:10:46:01/04/2024 ‌
ئه‌مڕۆ سه‌رچاوه‌یه‌كی ته‌ناهی له‌ كه‌ركووك رای گه‌یاند، ژنێك له‌ گه‌ڕه‌كی موسه‌ڵای كه‌ركووك، به‌ چه‌كی هاوسه‌ره‌كه‌ی ته‌قه‌ی له‌ خۆی كردووه‌ و گیانی له‌ ده‌ست داوه‌، باس له‌وه‌ ده‌كرێ كه‌ كێشه‌ی خێزانییان هه‌بووه‌.

پێگه‌ی "شه‌فه‌ق نیوز" ئه‌مڕۆ دووشه‌م یه‌كی نیسان بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، به‌پێی گوته‌ی سه‌رچاوه‌ ته‌ناهییه‌كه‌، ئه‌و ژنه‌ی خۆی كوشتووه‌ "ناوی نه‌هێنراوه‌"، له‌ گه‌ڕه‌كی موسه‌ڵا بووه‌ كه‌ زۆرینه‌ی دانیشتووانی ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ی توركمانن، به‌ چه‌كی هاوسه‌ره‌كه‌ی خۆی كوشتووه‌ كه‌ جۆره‌كه‌ی "ده‌مانچه‌" بووه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ زیاتر گوتی، ژنه‌كه‌ له‌دایكبووی ساڵی 1986ـه‌، باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ كێشه‌ی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی هه‌بووه‌، بۆیه‌ ده‌رفه‌تی بینیوه‌ و ته‌قه‌ی له‌ خۆی كردووه‌ كه‌ فیشه‌ك به‌ر سه‌ری كه‌وتووه‌، له‌گه‌ڵ گه‌یاندنی به‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئازادیی كه‌ركووك، گیانی له‌ ده‌ست داوه‌.

دواتر ئه‌وه‌شی گوت، پۆلیس له‌وباره‌یه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كات. 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د