ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و پاره‌یه‌ی راده‌ستی پارێزگاری دهۆك كرد كه له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌رانه‌وه بۆ زیانلێكه‌وتووانی لافاوه‌كه‌ی دهۆك كۆ كرابووه‌وه.
رۆژی 19ی ئادار، لافاو له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دهۆك و زاخۆ رووی دا، به‌هۆیه‌وه جیا له گیان له‌ده‌ستدانی سێ كه‌س، زیانێكی زۆری مادیی لێ كه‌وته‌وه، ده‌موده‌ست حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌م خه‌ڵكی سنووره‌كه‌وه هات، هاوكات سه‌رۆك بارزانی زیاتر له 100 شوقه‌ی وه‌ك قه‌ره‌بوو ته‌رخان كرد و مه‌نسوور بارزانی به درێژایی پاككردنه‌وه‌ی شاره‌كه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا بوو.
ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان له راگه‌یه‌نراوێكدا رای گه‌یاندووه، به ئاماده‌بوونی د. محه‌مه‌د شوكری سه‌رۆكی ده‌سته‌كه و پارێزگارانی هه‌ولێر و دهۆك، زیاتر له ملیارێك و 300 ملیۆن دینار راده‌ستی پارێزگاری دهۆك كراوه وه‌ك قه‌ره‌بوو بۆ زیانلێكه‌وتووانی لافاوه‌كه.
ئه‌و پاره‌یه له رێی كه‌مپینێكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان كۆ كرابووه‌وه و پاره‌كه له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌رانی هه‌ولێر و چه‌ند وه‌به‌رهێنه‌رێكی سلێمانی ته‌رخان كرابوو.