پەرلەمانتارێك: لە عێراق متمانە لە نێوان سیستمی بانكی و هاووڵاتییان نییە

:: PM:06:43:17/04/2024 ‌

هاوكات لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی تەنگژەكان لە عێراق هەن، تەنگژەیەكی قووڵی سیولە و كەمیی دیناری عێراقی هەیە، كە رەنگە زۆر سەرنجی نەخرابێتە سەر، شارەزایان بە بەردەوام وریایی لەوە دەدەن كە ئەگەر چارەسەر نەكرێت، كێشە بۆ مووچەش دروست دەبێت، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هۆكارەكەی بۆ گلدانەوەی بڕێكی زۆری دینار لای خەڵك و متمانەنەكردنیان بە بانكەكان دەگەڕێنێتەوە.

حوسێن موئنیس، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی كرد، پەرلەمان دەنگی لەسەر یاسای بودجەی سێ ساڵی دا و مەرجی ئەوەی بۆ حكوومەت دیاری كرد كە ساڵانە خشتە داراییەكان رەوانەی پەرلەمان بكات بۆ پەسندكردنی، بەڵام خشتە داراییەكانی ئەمساڵ هێشتا نەگەیشتوونەتە پەرلەمان، ئەگەرچی ئەوە كاری نەكردووەتە سەر بودجەی بەكارخستن.  

روونی كردەوە، تا ئێستە هیچ وادەیەك بۆ گەیشتنی خشتەكان لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ پەرلەمان نییە و كێشە راستەقینەكەش نەبوونی سیولە و پارەیە بە دینار، ئەوەش وای كردووە لیژنەی دارایی بەدوای چارەسەری ئەو بابەتە و فەراهەمكردنی دیناردا بگەڕێن، ئەوەش لە رێگەی هێشتنەوەی دینار تەنیا بە دەستی حكوومەت، لە رێگەی پشتبەستن بە كارتی ئەلیكترۆنی و بەهێزكردنی كاری بانكەكان بۆ زیادبوونی دینار لە بازاڕ.

موئنیس دووپاتی دەكاتەوە كە هیچ جۆرە متمانەیەك لە نێوان سیستمی بانكی و هاووڵاتییان نییە و ئەو بێمتمانەییەش بووەتە هۆی گلدانەوەی دینار لە ماڵی هاووڵاتییان و كەمبوونەوەی لە بازاڕەكان.

بەپێی هەندێك ئامار ئێستە 70%ی دیناری عێراقی لای هاووڵاتییان كۆ بووەتەوە، ئەوەش وای كردووە حكوومەت چەند رێوشوێنێك بگرێتە بەر بۆ دەستخستنی، لەوانە پەنابردن بۆ كارتی ئەلیكترۆنی و زیادكردنی نرخی سوود بۆ هاووڵاتییان لە بانكەكان بۆ راكێشانی دینار، بەڵام تا ئێستە چاپكردنی دینار بەهۆی لێكەوتەكانییەوە ئەگەرێكی دوورە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل