ڕووسیا بە نەوتەكەی زیانێكی زۆر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەیەنێت

:: PM:04:38:19/04/2024 ‌

وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەگەر نەوت و سامانە سرووشتییەكانی تریانی نەمێنێت، هیچی وایان نامێنێت هەناردەی بكەن تا ئابوورییەكەیانی پی ڕابگرن، كەچی ئەوەتا ڕووسیا دەیەوێت ببێتە جێگرەوەی نەوتی هەموو ئەو وڵاتانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كێشەیان هەیە، لەناویاندا عێراق.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ئابووری كە ئەمڕۆ هەینی، 19ی نیسان، بڵاو بووەتەوە، پشكی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هاوردەی هیندستاندا بۆ 46% كەمی كردووە، ئەمەش بە ئاماری ئاداری 2023 تا ئاداری 2024 و لە بەرانبەردا ئەو وڵاتە پشتیان بە نەوتی رووسی بەستووە.

وەك لە ڕاپۆرتەكەی ڕۆیتەرزدا هاتووە، نیودلهی ئێستە لەجێی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پشت بە نەوتی مۆسكۆ دەبەستێت، ئەمەش ڕێك وەك فریاكەوتنی ڕووسیا دێت، دوای ئەوەی لە ئاكامی شەڕی ئۆكرانیادا، ئەورووپا دەستبەردانی نەوت و غازەكەی بوون، ئەمەش لە كاتێكدا هیندستان لەژێر هەڕەشەی وڵاتانی ڕۆژئاوایە كە نەوتی لێ نەكڕێت، بەڵام بەبێ گوێدانە ئەو پەستانانە، سوورە لەسەر ئەوەی سوود لەو نەوتە بكات، مادەم نرخەكەی هەرزانتر و گەیاندنەكەشی بۆ ئەو ئاسانترە.

ڕووسیا كە خۆی بە هاوپەیمانی وڵاتانی نەتوی ئۆپیك دەزانێت، بەتەواوی بووەتە جێگرەوەی نەوتەكەی لە هیندستان كە یەكێكە لە بازاڕە گەورەكانی كڕینی نەوت لە جیهاندا و لە ماوەی ئەو ساڵەدا ڕێژەی هاوردەكردنی نەوتی ڕووسی لە كۆی ڕێژەی هاوردەكردنی نەوتەكەیدا گەیاندووەتە 35% كە دەكاتە نزیكی پێنج ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا.

عێراق دوووەم وڵاتی زیانلێكەوتووە لەم پاشەكشەیەی هیندستان لە نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونكە پاش سعوودیە دێت بۆ هەناردەكردنی نەوت بە ینودلهی.



وشە - عەبدوڵا عومەر