فەرمانبەران: سێ مووچەكەمان لای بەغدایە و دەبێت بۆمانی بگەڕێنێتەوە

:: PM:09:38:20/04/2024 ‌

فەرمانبەران باس لەوە دەكەن كە سێ مووچەی فەوتاوی ساڵی رابردوویان لەسەر بەغدایەوە و پێویستە حكوومەتی فیدراڵی بیانداتەوە و جیاوازی لە نێوان فەرمانبەرانی هەرێم و بەغدا نەكرێت، شارەزایەكی یاساییش دووپاتی دەكاتەوە كە ساڵی رابردوو عێراق یاسای بودجەی هەبووە و بەپێی یاساكە دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە فەوتاوە، بیگەڕێنێتەوە.

كاروان یووسف، فەرمانبەر بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، لە ماوەی ساڵی رابردوو بەهۆی دواخستن و نەناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە، فەرمانبەرانی هەرێم رووبەڕووی گرفت و كێشە بوونەوە و هیچكاتێك نەبوو مووچە لەكاتی خۆیدا وەربگرن، بەڵكو هەموو مانگێگ بە بیانووی جیاواز بەغدا مووچەی دوا دەخست.

باسی لەوەش كرد، ئەو دواخستنە بووە هۆكاری ئەوەی سێ مووچەی ساڵی رابردووی فەرمانبەران بفەوتێت، لەكاتێكدا مووچە سەرچاوەی بژێویی بەشی زۆری خێزانەكانی هەرێم و فەرمانبەرانە، بۆیە پێویستە بەغدا ئەو مووچانە بگەڕێنێتەوە و پابەندی رێككەوتنەكانی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم و یاسایی بودجە بێت.

لای خۆیەوە عەلی كەریم، فەرمانبەرێكی ترە بە "وشە" دەڵێت، مادام ساڵی رابردوو مووچە لەسەر بەغدا بووە، كەواتە ئەو سێ مووچەیە لەسەر بەغدایە و دەبێت بەغدا بۆ فەرمانبەرانی بگەڕێنێتەوە، ئەوەش مافێكی سەرەتایی فەرمانبەرانە، وەك چۆن ستەمی لە فەرمانبەرانی هەرێم دەكرد و مووچەی ساڵی رابردوو بە دواخستنەوە دەنارد.

روونی كردەوە، هەرێمی كوردستان و عێراق رێككەوتنیان لەبارەی مووچە كردووە، بەپێی ئەو نووسراوانەی بڵاو كراونەتەوە، ئەو سێ مووچەیەی كە فەوتاوە ئەركە لەسەر بەغدا، كەواتە بەغدا هیچ بیانووێكی بۆ نامێنێتەوە بۆ ئەوەی ئەو سێ مووچەیە خەرج نەكات، بۆچی فەرمانبەرانی عێراق مانگانە و لەكاتی خۆیدا مووچە وەربگرن، بەڵام فەرمانبەرانی هەرێم سێ مووچەیان بفەوتێت؟

هەر پێوەست بە مووچە فەتاوەكان خەدیجە عومەر تەها، شارەزای یاسایی بە "وشە"ی راگەیاند، فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش هەمان ماف و ئیمتیازاتی فەرمانبەرانی عێراقیان هەیە و نابێت حكوومەتی عێراق جیاوازی لە نێوان فەرمانبەرانی هەرێم و عێراقدا بكات، ساڵی رابردوو لە عێراق یاسای بودجە هەبووە، یاساكەش حكوومەتی عێراق پابەند دەكات بەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج بكرێت، لەو چوارچێوەیەش ئەو مووچانەی ساڵی رابردوو كە فەوتاون، دەبێت بەغدا بە هەر شێوازێك بێت بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیان بگەڕێنێتەوە.

ئەو شارەزایە روونی كردەوە، لە ماوەی ساڵی رابردوو بەغدا هەموو مانگێك ستەمی لە فەرمانبەرانی هەرێم دەكرد، كە سەرەڕای ئەوەی پابەندی رێككەوتن و یاسای بودجە نەبوو، لە لایەكی تر بە بەردەوام مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بە بیانووی جیاواز دوا دەخست و نەیدەنارد و كێشەی دروست دەكرد، بەو هۆیەوەش دۆخی دارایی فەرمانبەران باش نەبوو، ئێستەش ئەگەر بەغدا ئەو مووچانە نەگەڕێنێتەوە، كەواتە سەرپێچییە لە یاسای بودجە كە لە پەرلەمانەوە دەرچووە و لایەنەكان دەنگیان پێ داوە.

جێگەی باسە، مانگی رابردوو و دوای چەندین مانگ پێداگری لەسەر مافی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و مووچەكانیان، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی عێراق رێككەوتنی كرد، بەو هۆیەوە بەغدا پابەند بوو بە ناردنی مووچەی فەرمانبەران و لە ماوەی هەفتەیەكدا فەرمانبەرانی هەرێم مووچەی مانگەكانی دوو و سێی ئەمساڵیان وەرگرت.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل