نرخی دۆلار بۆچی دابەزی و چی بەسەر دێت؟

:: PM:06:36:29/04/2024 ‌

وەك ئەوەی لە چەند مانگی رابردوو نرخی دۆلار لە عێراق هەڵكشا و بێ راگەیاندنی فەرمیی هۆكارەكانی و تەنیا شارەزایان لێكدانەوەیان بۆی كرد، ئەمجارەش نرخەكەی داكشا و دیسان بێ لێكدانەوەی فەرمی تەنیا شارەزایان قسەی تیادا دەكەن، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەو بابەتە بە ئەنجامە ئەرێنییەكانی سەردانی دوایی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ واشنتن دەبەستێتەوە، شارەزایەكی بۆرسەش هۆكاری دابەزینی نرخی دۆلار و ئەو نرخە دیاری دەكات كە ئەگەری هەیە لەسەری جێگیر بێت. 

موعین كازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژە دەكات كە سەردانەكەی دوایی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریكا سەركەوتنێكی گرنگی لە دۆسیە جیاوازەكانی بواری ئابووری و وەبەرهێنان بەدەست هێنا، كاریگەریی ئەو ئەنجامانەش بەم نزیكانە لەسەر زەوی بەدیار دەكەون، بەتایبەتی پێوەست بە بەهێزیی ئابووریی عێراق و نرخی دۆلار و كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی.

روونی كردەوە، حكوومەتی عێراق پێشكەوتنێكی گەورەی لە بواری كۆنترۆڵكردنی نرخی دۆلار و رێگرتن لە یاریكردن بەو دراوە لە بازاڕی ناوخۆیی لەلایەن ژمارەیەك بازرگانان بەخۆیەوە بینیوە، بۆیەش دابەزینێكی بەرچاو لە نرخی دۆلار لە بازاڕدا هەیە، لە رۆژانی داهاتووش ئەو دابەزینە زیاتر دەبێت، ئەگەرچی جێبەجێكردنی رێككەوتننە ئابوورییەكان لەگەڵ واشنتن پێوەیستی بە كات هەیە.

لەناو بێمتمانەیی شارەزایان بەو دابەزینە كتوپڕ و گەورەی لە نرخی دۆلار لە بازاڕ هەیە، ئەوان لەسەر بنەمای هەندێك خاڵ گەشبینن، لەوانە سەردانەكەی سوودانی بۆ واشنتن و ئەو رێككەوتن و یاداشتانەی لەوێ واژووی كردوون و بەڵێنەكانی بە پابەندیی بە مەرجەكانی گەنجینەی ئەمەریكا و پەرەپێدانی پێوەندییەكان لەگەڵ ئەمەریكا لە بوارە گرنگەكانی وەك وزە و نەوت و كارەبا، كە لە ماوەی 10 رۆژی سەردانەكە 18 یاداشتی لێكگەیشتنی واژوو كرد، بۆیە پێشبینیی گەشەسەندنێكی گەورەی ئابووری لە بوارە جیاجیاكان دەكرێت. 

لای خۆیەوە جەبار گۆران، گوتەبێژی فەرمیی بازاڕی دراوەكەی سلێمانی هۆكاری دابەزینی گەورەی نرخی دۆلاری ئاشكرا كرد، روونی كردەوە، هۆكاری سەرەكیی دابەزینی نرخی دۆلار كاریگەریی سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو بۆ واشنتن، كە بووە هۆی زیادبوونی پاڵپشتیی واشنتن بۆ ئابووریی عێراق، جیا لە گەشبینیی چەند لایەنێكی ئەمەریكی لەبارەی ژێرخان و چاكسازییەكانی حكوومەتی عێراق لە سیستمی بانكیدا. 

ئاماژەی كرد، لە ماوەی دوایی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار دابەزی و بۆ ئەمەش چەند هۆكارێك هەیە، گرنگترینیان پەنابردن بۆ بەكارهێنانی كارتی زیرەكی پارەدان، كە وای كرد خاوەن هەژمارە بازرگانییەكان بتوانن دۆلار لە دەرەوە رابكێشن، كە ئەوە هۆكارێكی گرنگی دابەزینی نرخی دۆلار بوو، هۆكارێكی تر سەردانەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا بوو بۆ بەغدا، كە تیایدا ژمارەیەك رێككەوتن و یاداشتی لێكگەیشتن لە چەند بوار و بابەتی گرنگ واژوو كران، لەوانە زیادكردنی ئاڵوگۆڕیی بازرگانی و كردنی بە دینار و لیرەی توركی، لەوكاتەی قەبارەی ئێستەی ئەو ئاڵوگۆڕییە بازرگانییە لە نێوان 20 بۆ 24 ملیار دۆلاری ساڵانەیە، مامەڵەكردنیش بە دینار و لیرە، خواست لەسەر دۆلار كەم دەكاتەوە.

 ئەو شارەزایەی بۆرسە دووپاتی دەكاتەوە كە هەموو مامەڵەكانی پێشوو لەگەڵ وڵاتانی بە دۆلار بووە، بەڵام بەپێی رێككەوتنەكانی دوایی رێگە بە عێراق دراوە بە پەنابردن بۆ دراوی تر لە مامەڵەكانی، بەم دواییەش شاندێكی بانكی ناوەندیی عێراق چووە سعوودیە و وا رێككەوتن كە ئاڵوگۆڕی داهاتووی هەردوو وڵات بە دینار و ریالی سعوودی بێت.

گوتەبێژی بازاڕی دراوەكەی سلێمانی ئاماژەی كرد كە ئەو كاتەی هاووڵاتییان مووچەیان وەردەگرت، بەشێكی مووچەكەیان دەكرد بە دۆلار، ئەوەش بۆ دانی قەرزی نیشتەجێبوون یان ئۆتۆمبێل یان هەر قەرزێكی تر، بەڵام ئێستە زۆرینەی مامەڵە داراییەكان كراوە بە دینار، بۆیە ئەوان پێویستیان بوە دۆلار نەماوە و ئەوەش هۆكارێكی تری كەمبوونەوەی خواست و دابەزینی نرخی دۆلارە. 

ئەو شارەزایەی بۆرسە و دراو دووپاتی كردەوە كە پێشبینی ناكرێت نرخی دۆلارێك لە بازاڕ لە 1400 دینار زیاتر دابەزی، چونكە كاتەكە بۆ ئەو نرخە هێشتا زۆر زووە و بانكی ناوەندیش گەیشتە ئەو مەبەستەی دیاری كردبوو، بەڵام رەنگە نرخی دۆلار لە بازاڕ بگاتە ئاستی 14200 دینار بۆ هەر دۆلارێك.

شایەنی باسە لە دوای دەستبەكاربوونی حكوومەتی سوودانی، تەنگژەی هەڵكشانی نرخی دۆلار دروست بوو، بەتایبەتی ئەمەریكا تێبینییەكی زۆری لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن بە دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندی و بانكە تایبەتییەكانی عێراق هەبوو، بەوەی دۆلارێكی زۆر بە قاچاغ و حەواڵەی رەش دەچێتە ئێران و وڵاتانی سزادراو لەلایەن واشنتن، بۆیە ئەمەریكا سەكۆی ئەلیكترۆنیی حەواڵەی دامەزراند و حكوومەتی عێراق چەند رێوشوێنی بۆ رازیكردنی ئەمەریكا وەرگرت، دوای ئەوە بە سزادانی دەیان بانكی تایبەتیی عێراق لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكاوە كۆتایی هات.

بەڵام ئەو رێككەوتنانەی لە سەردانەكەی ناوەڕاستی ئەم مانگەی سوودانی بۆ ئەمەریكا واژوو كران و ئەو ئاگربەستەی میلیشیاكان لە هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمەریكا رایان گەیاند و پشتگوێخستنی بابەتی داوای چوونەدەرەوەی ئەمەریكا لە عێراق، هەموو ئەوانە بوونە هۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی عێراق.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل