گرنگترین بڕیار و راسپاردەكانی ئەنجوومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ

:: PM:07:29:08/05/2024 ‌

ئەمڕۆ چوارشەم 8ی ئایاری 2024، بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و تاوتوێی چەند باسێكی گرنگی پێوەست بە بەجێكردنی مووچە و بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست و چەند پرسێكی تر كرد.

سەرۆك وەزیران بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، نیگەرانی بەرانبەر سووتانی بازاڕی دێرینی قەیسەریی هەولێر و هاوخەمی لەگەڵ زیانلێكەوتووان دەربڕی، دووپاتی كردەوە كە لایەنە پێوەندیدارەكانی راسپاردووە لێكۆڵینەوەی پێویست لە هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە بكەن، لە هەمان كات سوپاسی تیمەكانی ئاگركوژێنەوە و فریاگوزاری و ئاسایش و پۆلیس و هێزەكانی ناوخۆی كرد و دووپاتی لەسەر پابەندبوون بە رێنماییەكان و رێكارەكانی پاراستن و سەلامەتی لە سەرانسەری هەرێم كردەوە، بەتایبەتی لە شوێنە گشتییەكان، ئەوەش بۆ رێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە رووداوە دڵتەزێنانە، هەروەها ئاماژەی بەوە دا كە هەوڵ دەدەین بە هاوكاریی لایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومەت و رێكخراوی یۆنسكۆ، ئەو بازاڕە مێژوویی و شوێنەوارییە نۆژەن بكرێتەوە.

بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە بریتی بوو لە خستنەڕووی دوا پێشهاتەكانی بابەتی مووچە و دارایی و پابەندییەكان لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ و ئەنجامی دوا كۆبوونەوەی شاندی تەكنیكی هەردوولا لە بەغدا سەبارەت بە دەستپێشخەرییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری داهاتە نانەوتییەكان و بەجێكردنی مووچەی هەرێم .

سەرۆك وەزیران دووپاتی كردەوە كە هەرچی ئەرك و پابەندییە، لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە جێبەجێی كراون و پێویستە حكوومەتی فیدراڵیش، مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بنێرێت و چیتر هیچ كێشە و ناكۆكییەكی سیاسی، نەبێتە رێگر لەبەردەم ناردنی مووچە.

دواتر لەلایەن ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، كە هەفتەی رابردوو سەرۆكایەتیی شاندێكی تەكنیكیی حكوومەتی هەرێمی بۆ بەغدا كرد، راپۆرتێك لەبارەی ئەنجامی سەردانەكەیان و گفتوگۆكانیان لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومەتی فیدراڵ، تایبەت بە دەستپێشخەرییەكانی هەرێمی كوردستان خرایە روو سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم و چۆنیەتی هاوبەشیپێكردنی لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور و یاسای بودجەی فیدراڵ و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵ و بەدواداچوونەكانیان بۆ خەرجكردنی شایستەكانی هەرێمی كوردستان بۆ مووچەی مانگی نیسان و تەرخانكراوەكانی تری هەرێم لە خەرجیی بەكارخستن و پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و پڕۆژەكانی پەرەپێدانی هەرێمەكان بە گوێرەی خشتەكانی هاوپێچی یاسای بودجە خستە روو، كە چەندین پێشنیاز و راسپاردەی كۆبوونەوەكانی بەغدای تێدا بوو.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و شاندەكەی، دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان پابەندییەكانی خۆی لە بەرانبەر حكوومەتی فیدراڵی بەجێ گەیاندووە و بەردەوام تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی خۆی بە پەسەندكراوی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ناردووە بە زانیاری تەواو لەسەر داهات و خەرجییەكان و ناردنی لیستی مووچەخۆرانی هەرێم بە هەموو داتا و زانیارییەكان و جێبەجێكردنی پابەندییەكان بە گوێرەی یاسای بودجە، ئیتر چاوەڕێین حكوومەتی فیدراڵ لە زووترین كات، بڕیاری خەرجكردنی شایستەكانی هەرێم بدات لەپێش هەمووشیانەوە مووچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی نیسان و مانگەكانی دواتر.

سەبارەت بە بابەتی بەجێكردنی مووچەخۆرانی هەرێمیش، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك وەزیران، وردەكاری و روونكردنەوەی پێویستی لەبارەی پرۆسەی بەجێكردنی مووچە خستە روو، ئاماژەی بەوە دا كە لە لەگەڵ بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) رێك كەوتین كە ئەو بانكەش لە پرۆسەی بەجێكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەشدار بێت و پرۆسەكەش بەردەوامە.

ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ بەشداریكردنی بانكی بازرگانی عێراق لە پرۆسەی بەجێكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەربڕی، كە بانكێكی حكوومی فیدڕاڵییە.

سەرۆك وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم و لایەنە پێوەندیدارەكانی راسپارد كە رێكاری پێویست بگرنەبەر لە ناردنی زانیاریی پێویست لە چوارچێوەی لێكتێگەیشتنی هاوبەشی تیمی تەكنیكیی حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ و بانكی عێراقی بۆ بازرگانی بۆ بەجێكردنی مووچەی هەرێم و پێشكەشكردنی كارئاسانیی پێویست لەمبارەیەوە.

بڕگەی دووەم گفتوگۆكردن بوو لەبارەی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان، كە ژمارەیان گەیشتووەتە 30 هەزار و 672 فەرمانبەر، لە چوارچێوەی راپۆرتێكی هاوبەش لەلایەن وەزارەت و لایەنە پێوەندیدارەكان ئامادە كرابوو و وردەكارییەكەی لەلایەن سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنەوە خرایە روو.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەربڕینی پشتیوانی بۆ داخوازیی فەرمانبەرانی گرێبەست، كە هێزێكی كارای بەرچاون لەناو دامەزراوەكانی حكوومەتی هەرێم و بە گرنگییەوە لە رۆڵ و بەرپرسیارێتییان دەڕوانێت، لەم روانگەیە و لە پێناو گەڵاڵەكردنی بڕیارێكی دروست لەم بارەیەوە لە روویی یاسایی و كارگێڕیی و داراییەوە، تا ئەم فەرمانبەرانەش بە هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی مافەكانیان پارێزراو بێت، ئەنجوومەن بڕیاری دا لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی پێویست بۆ دەستنیشانكردنی مەرج و رێكار و میكانیزمی گونجاو بۆ بەهەمیشەییكردنی ئەو فەرمانبەرانە بكات، كە بە رێكارە یاساییەكان دەتوانن ببنە هەمیشەیی و پێویستە ئەنجامی ئەم لێكۆڵینەوەیەش لە ماوەیەك كە لە 15 رۆژ تێپەڕ نەكات تەواو بكرێت، دواتر بخرێتەوە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بڕیاری كۆتایی لەبارەوە بدات.

لە كۆتاییدا بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو راپۆرتێكی پوختی پێشكەش بە ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی ئەنجامی سەردانی ئەم دواییەی شاندی وەزارەتەكەیان بۆ بەغدا تایبەت بە بابەتەكانی وەرگرتنەوەی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێم و بەگەڕخستنی پڕۆژەكانی بەنداو لە هەرێم و برەودان و دروستكردنی پڕۆژەكانی ئاودێری لە هەرێم و سوودوەرگرتنی جووتیاران لە دەرفەتەكانی خزمەتگوزارییە كشتوكاڵییەكان بە هاوشێوەی ناوچەكانی تری عێراق كرد.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و شاندی وەزارەتەكەی بۆ هەوڵ و ماندووبوونیان، دووپاتی لەوە كردەوە كە ئەركی حكوومەتی فیدڕاڵە مافە دەستووریەكانی هەرێم دابین بكات، لە سوودمەندبوون لە پڕۆژەكانی بەنداو و ئاودێری و داكۆكیكردن لە ماف و شایستەی جووتیارانی هەرێم لە بەغدا بۆ وەرگرتنەوەی بەرهەمی ئەمساڵی گەنم و سوودمەندبوونی جووتیاران لە هەموو ئەو خزمەتگوزارییە كشتوكاڵییانەی لە بەغدا بۆ جووتیارانی ناوچەكانی تری عێراق دەستەبەر كراون.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل