چی لە سەردانەكەی ئەردۆغان چاوەڕوان دەكرێت؟

:: PM:05:43:21/04/2024 ‌

بڕیارە سبەی دووشەم رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا بە سەردانێكی فەرمیی بگاتە بەغدا ئینجا هەولێر، عێراق و توركیا وەك دوو وڵاتی دراوسێ دەیان بابەت و پرس و بەرژەوەندی و كێشەی هاوبەشیان هەیە، كە رەنگە نەتوانرێت لە سەردانێك باسیان بكرێت و رێك بخرێنەوە یان چارەسەری كێشەكان بكرێت، بەڵام سەردانەكە دوای چەند سەردانێكی شاندی باڵای هەردوو وڵات بۆ لای یەكتر دێت، واتە بەشێكی كێشەكان لێكتێگەیشتنیان لەسەر هەیە و چاوەڕوان دەكرێت لە سەردانەكەی ئەردۆغان بەشێكیان بگەنە ئاستی لێكگەیشتن یان رێككەوتن. 

بەپێی سەرچاوە ئاگەدارەكان لەو سەردانەی ئەردۆغان بۆ عێراق دەیان یاداشتی لێكتێگەیشتن لە بوارە جیاجیاكان واژوو دەكرێن، لەوانە 37 یاداشت، گرنگترینیان یاداشتی چوارچێوەی ستراتیجی بۆ هاریكاری لە نێوان هەردوو وڵات، كە پێنج لیژنەی لێ دەبێتەوە، بۆ هاریكاری لە بوارەكانی تەناهی و ئاو و ئابووری و وزە و گواستنەوە، ئەو یاداشتەی ماجید لەجماوی، باڵوێزی عێراق لە ئەنقەرە دووپاتی واژووكردنی كردەوە وەك رێككەوتنێكی چوارچێوەی ستراتیجی.

سەردانەكەی ئەردۆغان دوای سەردانەكەی لە 2011 بۆ عێراق دێت، باسم عەوادی، گوتەبێژی حكوومەتی عێراق دەڵێت، سەردانەكە بازدانێكی جۆرییە لە پێوەندییەكانی هەردوو وڵات و تیایدا چەند دۆسیەیەكی گرنگ باس دەكرێت، چوار دۆسیەی گرنگ لە بەرنامەی كاری سەردانەكە هەن، گرنگترینیان ئاو و پڕۆژەی رێگەی پەرەپێدان و دۆسیەی تەناهی پێوەست بە پەكەكە و دۆسیەی كۆمپانیا توركییەكان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵات و هیتریش.

عەوادی ئاشكرای كرد كە لە دۆسیەی ئاودا، رێككەوتنێكی ستراتیجی لە نێوان ئەردۆغان و سوودانی واژوو دەكرێت، بەتایبەتی پێوەست بە بەشی عێراق لەو ئاوەی لە توركیا دێت، لەبارەی پڕۆژەی رێگەی پەرەپێدانەوە، چەند رێككەوتنێك واژوو دەكرێت، چونكە رێگاكە بە توركیا تێپەڕ دەبێت، جیا لە باسكردنی دۆسیەی كۆمپانیا توركییەكانی لە عێراق كار دەكەن.

شارەزایان پێیان وایە ئەگەر هەیە لە سەردانەكەی ئەردۆغان بۆ بەغدا چارەسەری بابەتی وەستانی هەناردنی نەوت بۆ توركیا بكرێت، مازن سەعد، شارەزای بواری وزە دەڵێت، دەكرێ لە سەردانەكەی سبەی ئەردۆغان چارەسەری بابەتی وەستانی هەناردنی نەوت لە رێگەی توركیا بكرێت، چونكە دۆخی نێوان هەردوو وڵات ئەرێنییە، ئەوە لەوكاتەی بەپێی ئامارەكان لەوەتەی هەناردنی نەوت لە 25ی ئاداری 2023 وەستاوە، عێراق 14 ملیار دۆلار زیانی كردووە.

جیا لەوانە دۆسیەی پەكەكە، دیارترین گرێی ناو وتوێژەكانی هەردوو وڵاتە، چونكە پێوەندیی پەكەكە و میلیشیا شیعەكان زۆر باشە و ئەوان هاوپەیمانی ئێرانن، واتە كار بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەو وڵاتە دەكەن، بەتایبەتی لە شنگال، گوتەبێژی حكوومەتی عێراق دووپاتی دەكاتەوە كە هەڵوێستی عێراق لەو بارەوە جێگیرە كە رێگە نادات لە خاكی عێراقەوە هێرش بكرێتە سەر توركیا، هاوكات هەر كارێكی سەربازییانەی توركیا بێ هاوئاهەنگی لەگەڵ عێراق رەت دەكاتەوە، بۆیە ئەگەری واژووكردنی رێككەوتنی نوێ لەو بوارەدا هەیە. 

بڕیارە دوای بەغدا سەرۆكی توركیا سەردانی هەولێریش بكات، مەهدی عەبدولكەریم، ئەندامێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی سەردانەكەوە دەڵێت،  سەردانی ئەردۆغان بۆ هەولێری پایەتەختی هەرێمی كوردستان گرنگیی تەناهی و سیاسی و ئابووری گەورە بۆ هەرێم و عێراق دەبێت، بەتایبەتی كە هەولێر و ئەنقەرە پێوەندیی بەهێز و درێژخایەنیان هەیە.

روونی كردەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان و حكوومەتی هەرێم رەتی دەكەنەوە خاكی هەرێمی كوردستان بۆ هەڕەشەكردن لە ئاسایشی نەتەوەیی توركیا بەكار بهێنرێت، بەڵام چەند ئەجیندایەكی سیاسی لەپشت ئەو بابەتەدا هەن، هاوكات چەند دۆسیەیەكی گرنگی ئابووریی هاوبەش لە نێوان ئەنقەرە و هەولێر هەن، ئەوانە دەبنە ناوەڕۆكی گفتوگۆكانی ئەردۆغان لە هەولێر، ئێمە كار بۆ بەهێزكردنی هاریكاری و زیادكردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕیی بازرگانی لە نێوان هەردوولا دەكەین.

لای خۆیەوە ئەحمەد شەریفی، توێژەری سیاسی و تەناهی ئاماژە دەكات كە سەردانی كەسایەتییەكی وەك سەرۆكی توركیا بۆ عێراق رووداوێكی گرنگە و لەو سەردانە رێككەوتن لەبارەی بابەتە ناكۆكی لەسەرەكان دەكرێت، بەتایبەتی بابەتی پەكەكە، كە بۆ توركیا گرنگیی لەپێشینەی هەیە، زانیاری هەیە دووپات لە واژووكردنی رێككەوتنێكی تەناهی پێوەست بەو بابەتە لەكاتی سەردانی سبەی ئەردۆغان بۆ بەغدا دەكاتەوە.

روونی كردەوە، توركیا دەیەوێ عێراق كۆنترۆڵی سنوورەكانی بكات و رێگری لە جموجۆڵەكانی پەكەكە بكات، لەبەرانبەردا عێراق دەیەوێ توركیا بەشی پێویستی لە ئاو بۆ بەربداتەوە، جیا لە دەست پێكردنەوەی هەناردن نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیا، بۆیە رەنگە دانوستانی نێوان هەردوو وڵات ئاسان نەبێت، جیا لەوە عێراق كارتێكی گوشاری ئابووری هەیە و رەنگە بۆ جێبەجێكردنی هەندێك لە داواكارییەكانی بەكاری بێنێت، ئەوەش دەوەستێتە سەر توانا و بەهێزیی دانوستانكارە عێراقییەكان. بەگشتی ئەگەری هەیە سەردانەكە ئەنجامی ئەرێنی بۆ هەردوولا هەبێت، بەتایبەتی كاتێك هاوئاهەنگیی پێشوەختە سەبارەت بە دۆسییە گرنگەكان بۆ لێكگەیشتن یان رێككەوتن لەبارەیانەوە هەیە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل