پارێزگای هەولێر كاسبكارانی دوكانەكانی بازاڕی سپی ئاگادار دەكاتەوە

:: PM:03:27:22/04/2024 ‌
لە ئاگادارییەكی پارێزگای هەولێردا هاتووە، پێویستە ڕۆژی سێشەم قیستی چوارەم و پێنجەم بهێنن و بەپێچەوانەوە، رێكاری پێویست بەرانبەریان دەگیرێتەبەر.

ئەمڕۆ دووشەم 22ـی نیسان، لە ئاگادارییەكی پارێزگای هەولێردا هاتووە، هەموو كاسبكارانی دوكانەكانی بازاڕی سپی كە سوودمەند بوون لە وەرگرتنی دوكانەكان، ئاگادار دەكەینەوە كە پابەند بن بە ئامادەكردنی قیستەكانی  چوارەم و پێنجەم لە ڕۆژی سێشەم 23ـی نیسان تا ڕۆژی یەكشەم پێنجی ئایار و ڕادەستكردنی بڕە پارەی دیاریكراوی قیستەكان، بۆ ئەوەی مامەڵەی گرێبەستی دوكانەكان ببەسترێت لە نێوان سوودمەندبووان و لایەنی پێوەنددار. بە پێچەوانەوە ڕێكاری یاسایی پێویست دەگرینەبەر بەپێی بەڵێننامەی واژووكراو.

بازاڕی سپی، لەسەرەتای دروستكردنی بڕیارە پڕۆژەكە نزیكەی 18 مانگ بخایەنێت و بڕیارە بە سێ قۆناغ تێچووی دوكانەكان وەربگرن، قۆناغی یەكەم 40٪ و قۆناغی دووەم 40٪ و قۆناغی سێیەمیش 20٪ دەمێنێتەوە، بەڵێندەر بەپێی بەرەوپێشبردنی كارەكە بە قۆناغ پارە وەردەگرێت، لە كۆتادا خاوەن موڵك یان كرێچییەكان بە تەواوی دەبن بە خاوەنی دوكانی خۆیان.

ئەو بازاڕە لەسەر ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، زەوی بۆ دروستكردنی بازاڕی سپی دابین كراوە، پڕۆژەكە بە گوژمەی 14 ملیار و 412 ملیۆن دینار جێبەجێ دەكرێت.

بازاڕی سپی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 24/7/2020 لە گەڕەكی كوردستانی شاری هەولێر، بەهۆی ئاگركەوتنەوە سووتا و زیاتر لە 230 دوكان كەوت، بڕیار دەرچوو كە پڕۆژەكە لە شوێنێكی تر دروست بكرێتەوە.



وشە - رامیار جەواد