لە هەرێمی كوردستان ئازادیی رۆژنامەگەری هەیە؟

:: PM:04:29:22/04/2024 ‌
لە هەرێمی كوردستان ئازادیی رۆژنامەنووسی بوونی هەیە و چەندان رۆژنامەنووس بە بیروبۆچوون و رای جیاواز كار دەكەن، بەشێكی زۆریشیان پیشەكەیان هێرشكردن و دژایەتیكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، بەڵام ئەوە نەبووەتە رێگر لەبەردەم كاری رۆژنامەنووسی.

یاسادانەرانی كوردستان چەند یاسایەكیان بۆ رێكخستنی كاروباری میدیا دەركردووە، مافیان بە رۆژنامەنووسان بەخشیوە بۆئەوەی ئازادانە رووماڵ بكەن و دەستیان بگات بە زانیارییەكان، لەم چوارچێوەیەدا رۆژنامەنووسان بەشێوەیەكی ئازاد تا ئاستێکى زۆرباش دەتوانن دەستیان بە زانیارییەكان بگات.

دڵشاد نامیق مامۆستای زانكۆ، بە "وشە"ی راگەیاند، ئازادیی رۆژنامەگەری دەستەبەر كراوە بەپێی یاسای رۆژنامەگەری، یاساكە لە پەرلەمان دەرچووە و بنەماكانی ئازادی و كاری رۆژنامەگەریی دەستبەر كردووە، بەڵام لە پاڵ یاسای رۆژنامەگەری فەوزایەكی زۆری راگەیاندن هەیە، دامەزراوە میدیاییەكان یاسای رۆژنامەگەری و دۆخی كوردستانیان "ئیستیغلال" كردووە بۆ كەڵك وەرگرتنی خراپ، وای لێ هاتووە راگەیاندنەكان دەبنە هۆكاری پێشێلكردنی مافی مرۆڤ.

زیاتر گوتی، وای لێ هاتووە بابەتی ئاسایشی نەتەوەیی لە میدیاكانەوە حسابی بۆ ناكرێت و دەكەوێتە ژێر مەترسییەوە، چونكە بابەتی لەو جۆرانە بڵاودەكرێنەوە، هەروەها ئازادیی رۆژنامەگەری وایكردووە مافی تاك پێشێل بكرێت بەتایبەت میدیا ئەلیكترۆنییەكان، بەڵام دەتوانین بڵێین بە مانا فراوانەكەی لە هەرێمی كوردستان ئازادیی رۆژنامەگەری هەیە.

نەزاكەت سەعید سكرتێری لیژنەی داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان بە "وشە"ی راگەیاند، لە هەرێمی كوردستان تا ئاستێکى باش ئازادیی رۆژنامەنووسی هەیە، لە پاڵ ئەوەشدا سەرۆكی حكوومەت بەردەوام پاڵپشت و هاوكاری رۆژنامەنووسان بووە، لە هەرێمی كوردستان رۆژنامەنووسان بە بیروڕای جیاواز بۆچوونی خۆیان دەردەبڕن، ئەمە گرنگە بۆ كوردستان.

نەزیرە جاف پارێزەری راوێژكار بە "وشە"ی راگەیاند، لە هەرێمی كوردستان ئازادییەكی زۆر فراوانی رۆژنامەنووسی هەیە، هەر ئەوەی كردنەوەی چەندان دەزگای جۆراوجۆر هەر كەس ئازادە لە كردنەوەی دەزگای راگەیاندن بە هەر سێ جۆرەكەی، مۆڵەتی پێدەدرێت، مۆڵەتپێدان بەشێكە لە ئازادی، هەروەها سیاسەت و كارو ناوەڕۆكی كاركردنیش بەهەمان شێوە، لە هەرێمی كوردستان بە دەیان و سەتان دەزگای جیاواز لەسەر بیروبۆچوونی جیاواز كار دەكەن و بە سەتان رۆژنامەنووس لەو دەزگایانە كار دەكەن.

زیاتر گوتی، شتێكی ئاساییە ئەگەر لە چوارچێوەی هەندێك لێپرسینەوە، رۆژنامەنووس بانگهێشت بكرێت و لێكۆڵینەوەى لەگەڵ بكرێت، لە وڵاتە زۆر پێشكەوتوو و سۆسیالەكانیش ئەوە هەیە، مادام كاركردن هەیە كەواتە ئەوەش دەبێت، هەرێمی كوردستان بۆ كار كردنی رۆژنامەنووس زۆر لەبارە، ئەگەرچی بەشی زۆربەیان هێرش و دژایەتی حكوومەت دەكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا بەردەوامبوون لە كاركردن، وەك سەرۆكی حكوومەت دەڵێت رێز لە راو و بۆچوونە جیاوازەكان دەگیرێت.

لە هەرێمی كوردستان ناوەندەكانی راگەیاندن‌ و رۆژنامەنووسی كراوەن لەبەردەم ئازادی دەربرین، هاوكاری ‌و پشتیوانیی تاكەكانی كۆمەڵ دەكەن لەهەوڵدانیان بۆ بەدەستهێنانی ئازادییەكان، بەدەر لەوەش هەموو كەس دەتوانێ‌ لە هەر ئاست‌ و پلە‌ و قۆناغێكدابێت، دەنگهەڵبرێ ‌‌و گوزارشت لە بیروبۆچوون‌ و تێڕوانینەكانی خۆی بكات، ئەمە لە كاتێكدایە كە سەرچاوەی زانیاری تەنیا لای دەسەڵات كۆ نەبووەتەوە.


وشە - وشه‌