رۆژنامەیەك وادەی كۆتاهاتنی ئاگربەستی نێوان میلیشیاكان و ئەمەریكا ئاشكرا دەكات

:: PM:05:18:24/04/2024 ‌

دوای ئەوەی لە مانگی شوباتی رابردوو میلیشیا شیعەكانی نزیك لە ئێران ئاگربەستیان راگەیاند و هێرشەكانیان بۆ سەر هێزەكانی ئەمەریكا وەستاند، راپۆرتەكانی هەواڵ پێشبینیی ئەوەیان كرد ئاگربەستەكە كاتی بێت و دوای مانگی رەمەزان هێرشەكان دەست پێ بكاتەوە، دوای سەردانەكەی سەرۆك وەزیرای عێراق بۆ واشنتن لە 15ی ئەم مانگە، خەریكە بەهۆی بەدینەهاتنی خواستی ئێران میلیشیاكانی، گەڕێكی تری هێرشەكان دەست پێ دەكەنەوە، وەك رۆژنامەیەك ئاماژە دەكات.

رۆژنامەی "زە ناشیۆناڵ"، ئاماژە دەكات كە رەنگە ئەو ئاگربەستەی میلیشیاكان رایان گەیاندووە تا یەكەم هەفتەی مانگی ئایاری داهاتوو بەردەوام بێت، كاتێك چەند سەرچاوەیەكی نزیك لەو میلیشیایانە بە رۆژنامەكەیان گوتووە كە سەرەڕای دوو هێرشەكەی دوایی، تا ئێستەش ئاگربەستەكە بەردەوامە.

روونی كردەوە، گرووپی بەرگریكاریی ئیسلامی لە عێراق لە ئەنجامدانی دوو هێرشەكەی دوایی بۆ سەر بنكەی سەربازییەكانی ئەمەریكا لە حەسەكە و عەین ئەسەد رازی نەبوو، ئەوەش رەنگە ئاماژەیەك بێت بۆ بوونی ناكۆكی لە ریزی گرووپە چەكدارەكانی بەو ناوە كار دەكەن، بەتایبەتی سەبارەت بە پلانە سەربازییەكانی دەبێت پێوەی پابەند بن.   

راپۆرتەكە باسی ئەوەشی كرد، سەرچاوەیەكی نزیك لە حكوومەتی عێراق ئاماژەی كردووە كە تا ئێستە ئەو ئاگربەستەی لە مانگی شوباتی رابردوو بە رێككەوتنی بەغدا و واشنتن و تاران هاتە كایەوە بەردەوامە، بەڵام ئەگەری هەیە ئەو هێرشانە ماوەی سێ مانگ وەستابن، واتە تا یەكەم هەفتەی مانگی ئایاری داهاتوو.

هەر بەپێی ئەو رۆژنامەیە ئێستە میلیشیاكان سەبارەت بەو ئاگربەستەی هەیە یەك بۆچوون نین و دۆخەكە پشێوی بەسەریدا زاڵە، پەرلەمانتارێكی شیعە دەڵێت، میلیشیاكان لەوبارەوە جیاوازن، لەوانە حزبوڵا دەیەوێ هێرشەكان دەست پێ بكەنەوە، بەڵام تا ئێستە ئاگربەستەكە هەیە و نەشكاوە و ئاماژەیەك نییە بۆ كۆتاهاتنی. سەرچاوەیەكیش ئاشكرای كرد كە دوو هێرشەكەی دوایی وەك وریاكردنەوە بوو بۆ تووڕەیی ئێران و میلیشیاكان بۆ ئەنجامی سەردانەكەی سوودانی بۆ واشنتن، بەهۆی باسنەكردنی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل