هێزە سیاسییەكان: ئەوانەی دەڵێن با هەڵبژاردن بكرێت باش دەزانن كە بەبێ پارتی ناكرێت

:: PM:09:12:24/04/2024 ‌

لەبارەی بابەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەبێ بەشداریكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لایەنە سیاسییەكان باس لەوە دەكەن كە پارتی هێزی سەرەكیی هەرێمی كوردستانە و بەبێ ئەو حزبە هەڵبژاردن ناكرێ و پێویستە رێككەوتن بكرێت، دووپاتی دەكەنەوە ئەگەر هەڵبژاردنیش بكرێت سەركەوتوو نابێت.

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێك لە حزبەكانی هەرێمی كوردستان پێی وایە كە ئەو لایەنانەی زوو دەڵێن با هەڵبژاردن بكرێت و لەكاتی خۆیدا بكرێت، خۆیان باش دەزانن كە ناكرێت و زۆریش بە دڵنیاییەوە وا ناڵێن.

فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، پارتەكەمان ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كردووە، بەڵام ئێستەش دووپاتی دەكەینەوە كە هەڵبژاردن دەكرێت ئەگەر بە دواكەوتنیش بێت، هاوكات رێككەوتن دەكرێت و پێمان وایە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەگەڵ پارتی لەبارەی ئەو داواكاری و كێشانە بە رێككەوتن دەگەن، بەڵام ئەوەش كاتی پێویستە.

باسی لەوەش كرد، هەڵبژاردن دەبێت بە رێككەوتن لە نێوان لایەنەكان بكرێت و ئەوان پێكەوە بڕیاری لەسەر بدەن، بەتایبەت پارتی و یەكێتی، ئەگەر یەكێك لەو دوو لایەنەش نەیانەوێ هەڵبژاردن بكرێت، ئەوە ناكرێت، ئێستەش كە پارتی بەشداری ناكات، واتە یان هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ناكرێت یان ئەگەر بكرێت سەركەوتوو نابێت و هەڵبژاردنێكی گشتی ناكرێت و دەچێتە ماوەیەكی دواتر.

لای خۆیەوە گۆران جەلال، ئەندامی سەركردایەتیی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، هەڵبژاردن پرۆسەیەكی دەستووری و یاساییە لە هەرێمی كوردستان، ئەگەر نەكرێت گرفت دروست دەبێت، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو پێش ئەوەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لەبارەی پەرلەمانی كوردستان و بڕیارەكانی ئەم دوایەی لەبارەی هەڵبژاردن بدرێن، پرسی هەڵبژاردن گەرم بوو، بەڵام بەهۆی كێشەكانەوە نەتوانراوە لەو ماوەیە هەڵبژاردن بكرێت، واتە پێش هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان.

زیاتر گوتی، بەشدارینەكردنی هەر لایەنێك لەو دوو لایەنە هەڵبژاردن بە مانا فراوانەكەی نابێت، چونكە ئەو دوو حزبە لە هەرێمی كوردستان دەسەڵاتدارن و ئەگەر یەكیان بەشدار نەبێت قورسە هەڵبژاردن بكرێت، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە هەردوو لایەن پێكەوە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن رێك بكەون و هەر یەكەیان كێشەكانیان چارەسەر بكەن، ئەگینا هەڵبژاردن بەو دۆخەی ئێستە قورسە، دووپاتی كردەوە، بەشدارینەكردنی پارتی واتە هەڵبژاردن گشتیی سەرانسەری نابێت، ئەوەشمان بیر نەچێت پارتی خاوەنی زۆنی زەردە كە هەولێر و دهۆك دەگرێتەوە و ئەگەر بەشدار نەبێت پرسەكە قورسە و ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە دەستی ئەو دوو لایەنەیە.

پێوەست بەو بابەتە ئایدن مەعرووف، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بەرەی توركمانی بە "وشە"ی گوت، ئەوە شتێكی دڵنیاییە كە بەبێ پارتی لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردن ناكرێت و شتێكی حەتمییە، هەڵبژاردن پرسێكی نیشتمانییە و پێوەستە بە لایەنەكانی هەرێمی كوردستان و دەبێت لایەنەكان خۆیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بڕیار بدەن و رێككەوتن بكرێت، بەو دۆخەی ئێستە هەڵبژاردن بكرێت گرفتی زیاتر دەبێت.

باسی لەوەش كرد، ئەو لایەنانەی كە زوو زوو دەڵێن با هەڵبژاردن بكرێت و دەبێت هەڵبژاردن بەبێ پارتی بكرێت، باش دەزانن ئەگەر پارتی بەشدار نەبێت هەڵبژاردن ناكرێت و ئەوانیش زۆر ئامادەنین، بۆیە هەڵبژاردن بەبێ پارتی سەركەوتوو نابێت.

جێگەی باسە، بەهۆی دەستوەردان و دانانی پێشوەخەتەی نەخشەی داهاتووی هەرێمی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت بەو شێوەیە بەشداری هەڵبژاردن ناكەن و نابێت دەستوەردان هەبێت.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل