توركیا بە نیازە هێرش بكاتە سەر پەكەكە.. هەڵوێستی عێراق چییە؟

:: PM:06:31:04/05/2024 ‌

یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی سەردانەكەی مانگی رابردووی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سیاسی و دەوڵەتی عێراق رووبەڕووبوونەوەی پەكەكە بوو، لەوانەش ئەو ئۆپراسیۆنە سەربازییەی توركیا بە نیازە لە بەهار و هاوینی ئەمساڵ لە دژی پەكەكە لە ناو خاكی عێراق ئەنجامی بدات، جیا لە دامەزراندنی پشتێنەیەكی تەناهی لەسەر سنوورەكانی، سەرچاوەیەكی تەناهیی عێراقی ئاشكرای دەكات كە توركیا زانیاری بەو ئۆپراسۆنەی توركیا هەیە.

لە ماوەی ئەمساڵدا هێرشی ئاسمانی و بۆردمان و هێرشی ئاسمانیی توركیا لە ناو خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق لە دژی پەكەكە زیادی كردووە، بەتایبەتی لە ماوەی دوایی، سەرچاوە سەربازییەكان ئاماژە دەكەن كە ئەو پەرەسەندنە رەنگە سەرەتایەك بێت بۆ ئۆپراسیۆنێكی فرەوانی توركیا لە دژی ئەو گرووپە، كاتێك لە چەند رۆژی دوایی چەندان ناوچەی لە ئامێدی و دهۆك چیای مەتین بۆردمان كردووە.

سەرچاوەیەك لە فەرماندەیی ئۆپرسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق ئاماژە دەكات، لە ماوەی دوایی تێبینی پەرەسەندنی بۆردمانە ئاسمانییەكانی توركیا لە دژی پێگەكانی پەكەكە لە ناوچە شاخاوییەكان كراوە، پێمان وایە ئەوانە سەرەتایەكن بۆ ئۆپراسیۆنێكی زەوینیی سەربازیی توركیا لەناو قووڵایی خاكی عێراق بۆ راوەدوونانی ئەندامانی پەكەكە، عێراق زانیاریی تەواوی لەبارەی ئەو ئۆپراسیۆنە و وردەكارییەكانی نییە، واتە وادەی دەست پێكردنی و شوێنەكەی، بەڵام لە سەردانەكەی دوایی سەرۆكی توركیا بۆ بەغدا بە فەرمی ئاگەدار كراوەتەوە، عێراقیش رەزامەندیی مەرجداری لەسەر داوە، بەڵام هیچ رانەگەیەندراوە، مەرجەكەش ئەوەیە كە ئۆپرسۆنەكە نەگاتە گوند و ناوچە نیشتەجێیەكان و تەنیا ئەو ناوچانە بگرێتەوە كە پەكەكە تیایاندا باڵادەستە. 

عەلی نیعمە، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، پەرەسەندنی بۆردمان و لەشكركێشییەكانی سوپای توركیا لەناو خاكی عێراق رەتكراوەیە و پێشێلكردنی سەروەریی عێراقە، پێشبینی دەكەین ئەو پەرەسەندنەی دوایی لە بۆردمانەكان سەرەتایەك بێت بۆ ئۆپراسیۆنێكی فرەوانی زەوینی لەناو قووڵایی خاكی عێراق، ئەوەش وەك گوێبیستی بووین، بەشێكە لە رێككەتنی دوایی لە نێوان بەغدا و ئەنقەرە.

روونی كردەوە، لە سەردانەكەی دوایی، عێراق بۆ ئەنقەرەی دووپات كردووەتەوە كە نابێتە شوێنێك بۆ هێرشكرنە سەری و لە نەهێشتنی مەترسییەكانی پەكەكە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی توركیا یارمەتی ئەنقەرە دەدات، بۆیە لە ماوەی داهاتوو ئۆپراسیۆنێكی فرەوانی زەوینیی توركیا لە دژی پەكەكە بەڕێوە دەچێت و لە رۆژانی داهاتوو وردەكارییەكەی دیار دەكەوێت، ئۆپراسیۆنەكە بە هاوئاهەنگیی هەردوو وڵات دەبێت، بەڵام بە شێوەیەكی رانەگەندراو. 

موخلەد حازم، شارەزای سیاسی و یاسایی دەڵێت، پەكەكە یەكێكە لە مەترسیدارترین رێكخراوەكان لە ناوچەكە، بەتایبەتی كە پێوەندیی دەرەكی هەیە و زۆر وڵات هەن پاڵپشتیی دەكەن، ئەو لە چەند ناوچەیەكی گرنگ و ستراتیجی جێگیر بووە، ئامانجی خۆی لە كۆنترۆڵكردنی ناوچەی شنگال هەیە، كە ناوچەیەكی ستراتیجییە بۆ عێراق، ئەو حزبە سوودی لە هێرشەكانی داعش وەرگرت و ئەو ناوچەیان كۆنترۆڵ كرد.  

روونی كردەوە، ئەندامەكانی پەكەكە تەنیا كوردی توركیا نین، بەڵكو ئێزدییەكانیشی تیادایە، بۆیە دۆسیەی ئەو حزبە زۆر ئاڵۆزە و سەرەڕای هەموو رێككەوتنەكانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە، بەڵام مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو حزبە بۆ حكوومەتی عێراق ئاسان نییە، بۆیەش سوودانی لە میانی دیدارەكەی لەگەڵ ئەردۆغان بە قەدەغەكراو وەسفی كرد نەك وەك تیرۆریستی، چونكە ئەگەر وەك تیرۆریستی بیناساندبایە، عێراق ناچار دەبوو وەك داعش شەڕی بكات و بە تەواوەتی لە عێراق دەری بكات، ئەوەش تەنگژەیەكی گەورە بۆ عێراق دروست دەكات.  

حازم ئاماژە دەكات، عێراق هەوڵی كۆكردنەوەی بابەتەكە دەدات، دەیەوێ رێگەیەكی دیپلۆماسیانە و بە گفتوگۆ لەگەڵ پەكەكە بۆ دوورخستنەوەی بدۆزێتەوە، بەڵام توركیا بەوە رازی نییە، بۆیەش بۆردمان و هێرشە ئاسمانییەكانی لە دژی پەكەكە زیاد كردووە بۆ لەناوبردنی و رێخۆشكردن بۆ ئۆپراسیۆنێكی فرەوانی زەوینیی هێزەكانی.

ئەو شارەزایە تەناهییە دووپاتی كردەوە كە عێراق دەیەوێ خۆی لە هەر ناكۆكییەك لە ناوچەكە بە دوور بگرێت، رەنگە حكوومەتی عێراق دیدی خۆی لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پەكەكە هەبێت، بەتایبەتی كاتێك ئەو حزبە لە رووی سیاسییەوە لە ناوخۆ و درەوەی عێراق پاڵپشتی دەكرێت، بەڵام ئەگەری هەیە كە بەغدا رێگە بە توركیا بدات بۆ هێرشكردنە سەر پەكەكە لەناو خاكەكەی، بەتایبەتی كە رێككەوتنی پێشتر و نوێیان لەگەڵ ئەنقەرە بۆ راوەدوونانی پەكەكە لە ناوچەی دیاریكراو لەناو خاكی عێراق هەیە، بۆیەش هێرشەكانی توركیا پەرەی سەندووە، رەنگە ئەوانەش سەرەتایەك بن بۆ دەست پێكردنی ئۆپراسیۆنێكی فرەوانی سەربازیی توركیا لە ناو خاكی عێراق.      



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل