كاریگەریی جگەرەكێشان لەسەر لاوازیی سێكسی چییە؟

:: PM:09:15:05/05/2024 ‌

كەسانێكی زۆر جگەرە دەكێشن، كە زیانە تەندروستییەكانی دیارە و مرۆڤ تووشی چەندان جۆر نەخۆشی مەترسیدار دەكات، هاوكات كاریگەریی لەسەر تەندروستیی سێكسیش هەیە، كە ئەویش پرۆسەیەكی زۆر گرنگە بۆ بەردەوامیی جۆری مرۆڤ و وەچەخستنەوە، توێژینەوەكان باسی بوونی پێوەندی لە نێوان جگەرەكێشان و لاوازیی توانای سێكسی دەكەن.

بە گشتی جگەرەكێشان زیان بە لوولەكانی خوێن دەگەیەنێت، كە بەرپرسن لە گەیاندنی خوێن بۆ تەواوی ئەندامەكانی لەش، لەوانەش كۆئەندامی زاوزێ، لە پیاودا لاوازیی رەقبوونی چوك دروست دەكات، چونكە خۆی رەقبوونەكە پێوەندی بە دەمارەكانی خوێن و گەیشتنی خوێنی زۆر بۆ ئەندامی نێرینە هەیە لە كاتی ئەنجامدانی پرۆسەكەدا.

بەپێی بەڵگەكان ئەو پیاوانەی جگەرەكێشن، ئەگەری تووشبوونیان بە لاوازیی سێكسی بە دوو هێند زیاتر لە كەسانی ئاسایی هەیە كە جگەرە ناكێشن، هۆكارەكەشی بۆ كاریگەریی جگەرەكێشان بۆ سەر گەیشتنی خوێن بەهۆی تێكچوونی لوولەكانی خوێن دەگەڕێتەوە، كە وا دەكات توانای رەقبوونی ئەندامی نێرینە كەم بێتەوە یان زۆر خۆی نەگرێت تا تەواوبوونی پرۆسەی سێكس.

جگەرە مادەی نیكۆتین و چەندان مادەی تری كیمیایی تیادایە، كە جیا لە دروستكردنی ئاڵودەبوون، زیانی گەورە بە تەندروستی دەگەیەنن، لەوانە تێكدانی لوولەكانی خوێن و كەمكردنەوەی توانای گەیاندنی خوێن بۆ ئەندامەكانی لەش، بەوەی سووڕی خوێن ئاسایی نابێت و لایەنی سێكسیی مرۆڤیش ئەو كاریگەرییەی دەكەوێتە سەر، ئەوە جیا لە تووشبوونی مرۆڤ بە نەخۆشییەكانی دڵ و شەكرە، كە ئەوانەش كێشەی لاوازیی رەقبوونی ئەندامی نێرینە زیاتر دەكەن.

رەنگە باشترین چارەسەری بۆ نەهێشتنی ئەو حاڵەتە، وازهێنان و دووركەوتنەوە بێت لە جگەرەكێشان، كە سووری خوێن باشتر دەكات، بەوەش توانای رەقبوونی ئەندامی نێرینە باشتر دەبێت، ئەو باشبوونەش لەگەڵ وەستان لە جگەرەكێشان هەستی پێ دەكرێت، بەڵام هەرچەند ماوەی جگەرەكێشان زیاتر بێت، مەترسیی حاڵەتەكە زیاتر دەبێت، بۆیە وا باشترە زووتر وازی لێ بهێنرێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل