ژینگەی پیس و تاوەرەكانی پێوەندی لە عێراق ڕێژەی شێرپەنجەیان زیاد كردووە

:: AM:09:04:06/05/2024 ‌
ئەو ماڵانەی نزیكن لە تاوەرەكانی پێوەندی، خێراتر ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجە هەیە، قایمقامێك دەڵێت، بەهۆی نزیكی لە تاوەرەكانی پێوەندی، تەنیا لە گوندێكدا 30 كەس تووشی شێرپەنجە بوون.

عودەی خدران قایمقامی خاڵس لە دیالە، بۆ "بغداد الیوم" ئاشكرای كردووە، 30 حاڵەتی تووشبوون بە شێرپەنجە لە گوندی خوەیڵس تۆمار كراوە.

ژمارەی تووشبووان بە نەخۆشیی شێرپەنجە لە زۆربەی ناوچەكانی عێراق لە زیادبووندایە، بریكاری وەزارەتی ژینگەی عێراق دەڵێت، هەولێر، بەغدا و بەسرە بەرزترین رێژەی پیسبوونی هەوایان هەیە. ئاماژە بەوەش دەكات، تەنیا لە ساڵی 2021دا زیاتر لە 40 هەزار خێزان لە ناوچەكانی باشووری عێراقەوە بەهۆی كاریگەرییەكانی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەواوە، ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشتووە.

 جاسم فەلاحی بریكاری وەزارەتی ژینگەی عێراق، باسی لە گرفتەكانی ژینگە، مەترسیی پیسبوونی ئاو، هەوا و خاك دەكات، بەهۆی كارتێكەرە ژینگەیی و كیمیاییەكان و تیشك و تەقەمەنییەكانەوە، ئەوەش مەترسییەكی زۆرە بۆ داهاتووی دانیشتووانی عێراق.

بریكاری وەزارەتی ژینگە دەڵێت، پیسبوونی هەوای عێراق هۆكارە لە پێشینەكانی سەرجەم نەخۆشییەكان بەتایبەت نەخۆشییە درێژخایەنەكان، ئەوە لە كاتێكدایە بێ پلان و بەرنامەیەكی زانستی تاوەرەكانی پێوەندی لە زۆربەی ناوچەكاندا بڵاو كراونەتەوە، ئەوەش بووەتە مەترسی بۆ سەر تەندروستی خەڵك.

عێراق لە نەخۆشیی شێرپەنجە رێژەیەكی بەرزی هەیە، بەردەوامیش ئەو رێژەیە لە هەڵكشاندایە، هاووڵاتییانیش هۆكارەكەی دەگەڕێننەوە بۆ بوونی تاوەری پێوەندییەكان و بۆ ئەوەش دوێنێ لە نزیك خاڵس خۆپێشاندان ئەنجام درا، بە مەبەستی دوورخستنەوەی ئەو تاوەرانە لەناو شارۆچكە و شارەكان.

پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لەو مەترسییە تەندروستییانەی ڕوو دەدەن لە ئەنجامی كەمتەرخەمیی حكوومەتی عێراق لە دانانی تاوەری پێوەندییەكان لە سەربانی ماڵی هاووڵاتییان، هاوكات ئاماژە بە كۆمەڵێك نەخۆشی دەكەن كە بەهۆی ئەو تاوەرانەوە دروست دەبن.

چەند رێنماییەك لە كوردستان و عێراقیش بۆ تاوەرەكانی پێوەندی هەن، ئەو تاوەرانەی كۆمپانیاكان لە گەڕەك و ناوچەكانی ناو شار دایدەمەزرێنن، نابێت بەرزی تاوەرەكان لە 15مەتر كەمتر بێت، لە خاڵی شەشەمی رێنماییەکەدا هاتووە، ئاستی زیان گەیاندن لە ئەنجامی تیشكی تاوەرەكانی كۆمپانیاكان بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ لە دژوارترین باردا لە ئەنجامی زۆرترین دەرچوونی تیشكەوە، لە (0.4) میلی وات/سم2 زیاتر نابێت.




وشە - سۆران عەزیز