خێڵەكانی ناوچەی دێرەزوور بەهاوكاریی ئێران گرووپی چەكدارییان دژ بە هەسەدە پێكهێنا

:: PM:01:33:06/05/2024 ‌
گرووپێكی چەكداری نوێ لەلایەن عەشیرەتەكانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی حكوومەتی سووریا و میلیشیاكانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور، بۆ شەڕكردن لە دژی هێزەكانی سووریای دیموكرات هەسەدە پێكهێنرا.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕای گەیاند، عەشیرەتی "ئەل ـ بو شەبان" بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە شێخەكانی عەشیرەتی ئەل عەگێدات و بەگارا، پێكهێنانی گرووپێكی چەكدار بەناوی "سەرایا ئەل بو شەبان" بە سەرۆكایەتیی شێخ عەلا ئەل لەبباد" ڕاگەیاند.

وەك لە ڕاگەیەنراوەكەیاندا هاتووە، ئەو گرووپە نوێیە دەچنە ناو "سوپای خێڵەكان"ـەوە بە سەرۆكایەتیی ئیبراهیم ئەلحەفل شێخی خێڵی ئەل عگێدات، بە ئامانجی دەستپێكردنی هێرشی چەكداری دژ بە پێگە و خاڵەكانی هێزەكانی سووریای دیموكرات هەسەدە.

بەپێی زانیارییەكان، شێخ عەلا ئەل لەبباد لە كۆبوونەوەیەكدا كە لە شاری دێرەزوور كراوە، ڕای گەیاندووە ئەم هاوپەیمانەتییە، هاوپەیمانی یەكڕیزی و هاوكاریی عەشیرەتەكانە.

لەم دیدارەدا بەشێك لە خێڵەكانی سەربە هێزەكانی ڕژێم لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئەسەددا، بە فەرمانی میلیشیاكانی ئێران، بە مەبەستی دروستكردنی پێكهاتەیەكی چەكداری بۆ شەڕكردن لە دژی هەسەدە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی فورات كۆ بوونەتەوە.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ڕای گەیاندبوو، ئەفسەرێكی فەرمانگەی كاروباری عەشیرەتەكان لە كۆشكی سەرۆكایەتیی سووریا، لە كۆتاییەكانی مانگی نیساندا لە شارۆچكەی ئەل عشارەی سەربە دێرەزوور، لەگەڵ ئیبراهیم ئەلحەفل شێخی عەشیرەتی ئەل عەگێدات كۆ بووەتەوە، بۆ ئەوەی هێرشكردنە سەر ناوچەكانی هەسەدە رێكبخەن.

ماوەی زیاتر لە هەشت مانگە هێرشی چەكدارانی خۆجێیی دژی هەسەدە لە ڕۆژهەڵاتی دێرزوور ڕوو لە زیادبوونە و بەپێی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، ئەو هێرشانە بە فەرمان و پشتیوانی حزبوڵای لبنان و میلیشیاكانی ئێران بەڕێوە دەچن.

لە كۆتایی مانگی ئابی 2023 و دوای گرتنی ئەحمەد ئەل خەبیل ئەبو خەولا فەرماندەی ئەنجوومەنی سەربازی دێرزوور لەلایەن هەسەدەوە، ئاڵۆزی و پێكدادان لە نێوان هەسەدە و چەكدارە خۆجێیەكان لە ڕۆژهەڵاتی دێرزوور دروست كرد و تا ئێستەش بەردەوامە.



وشە - سۆران عەزیز