حكوومەتی عێراق پاڵپشتی لە گفتوگۆكانی سەرۆكی هەرێم لە تاران دەكات

:: PM:07:02:06/05/2024 ‌

دوێنێ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە تاران، ئەمڕۆ لەگەڵ هەریەك لە سەرۆكی ئێران و رابەری باڵای شۆڕشی ئەو وڵاتە و ژمارەیەكی تر لە بەرپرسانی ئێران كۆبووەوە، راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق پاڵپشتیی حكوومەتی عێراقی بۆ سەردانەكە راگەیاند و دووپاتی كردەوە كە بە ئەرێنی سەیری ئەو سەردانە دەكەن.

زیا ناسری، راوێژكاری كاروباری دەرەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق گوتی، حكوومەتی عێراق پاڵپشتی لە هەوڵەكانی نەهێشتنی بەربەست و چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی ئێران دەكات، بە ئەرێنی سەیری سەردانەكە دەكات، چونكە دوای كردنەئامانجی هێزی ئاسمانیی ئێران بۆ هەولێر دێت بە پاساوی بوونی بارەگەی گومانلێكراو و گرووپە تێكدەرەكان، وەك لە هەندێك لە میدیاكان بڵاو كرایەوە.

روونی كردەوە، حكوومەتی عێراق چاوەڕوانی ئەنجامی سەردانەكەیە دوای كۆتاهاتنی و راگەیاندنی هەڵوێستی ئێران لەوبارەوە.

ئەمڕۆ دووشەم لە دووەم رۆژی سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ تاران، لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆكی ئێران كۆ بووەو و هەردوولا پێداگرییان لە برەودان بە پێوە‌ندییەكانی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان لەسەر‌ بنەمای دراوسێیەتیی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش و بەرزكردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پێوەندیی ئابووری كردەوە.

رەئیسی سوپاس و پێزانینی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی بۆ ئەو هاریكارییەی پێشكەش بە زیارەتكارانی ئێرانی بۆ مەزارگە پیرۆزەكان لە باشووری عێراق دەكات، لە كاتی تێپەڕبوونیان بە هەرێمی كوردستان، سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش سوپاسی پشتگیری و هاریكاریی ئێرانی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان كرد.

هەر ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عەلی خامنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئێران كۆبووەو، لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی هەرێم خۆشحاڵیی خۆی بە دیدارەكە دەربڕی و دووپاتی‌ لە ئامادەیی و خواستی هەرێمی كوردستان كردەوە بۆ بەرەوپێشبردنی پێوەندییەكانی لەگەڵ ئێران لە هەموو بوارەكاندا، هەر‌وەها سوپاسی هاوكاری و پشتگیریی ئێرانی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.

لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا هەردوولا داكۆكییان لە گرنگیی پێوەندییەكانی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە و لەسەر پێویستیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و فراوانكردنی هاریكاریی هاوبەشی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان هاوڕا بوون.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل